سلێمانی
یەكەمین ژنە پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكاندا لەگەڵ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش)، كوژرا.
رەنگین تەمەنی 25 ساڵ بوو، ئەو لە پێش چاوی دایكی كوژرا كە هاوكات ئەویش جێگری فەرماندەیە و لەگەڵ كچەكەیدا بوو لە بەرەكانی شەڕدا.
وەك هاوڕێ پێشمەرگەكانی دەیگێڕنەوە، پێش جەژنی قوربان رەنگین خۆی بڕیاریداوە نەگەڕێتەوە و لە بەرەكانی شەڕدا بمێنێتەوە و لەوێ جەژن بكا، بەڵام لە یەكەم رۆژی جەژندا بەهۆی تۆپبارانی داعشەوە بریندابوو.
جێگری فەرماندەی فەوجی دووی سەر بە هێزەكانی 70 نەقیب رەنگین یوسف، لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەرەكانی شەڕدا لە نێوان ناحییەی تازە و قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای كەركوك، برینداربوو.
دوای حەوت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە لە سلێمانی، دواجار گیانی سپارد، بەوەش بووە یەكەمین ژنە پێشمەرگە كە لە بەرەكانی شەڕدا لەگەڵ داعش، گیانی لەدەستدا.
لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەیدا، كە ئەندامانی خێزان و هاوڕی پێشمەرگەگانی ئامادەیبوون، فەرماندەی فەوجی دووی سەر بە هێزەكانی 70 عەقید ناهیدە ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەك فەوجی هێزی ژنان لەسەر داوای خۆمان چووینە بەرەكانی جەنگ و داوامانكرد هاوشانی پێشمەرگە پیاوەكان لە پاراستنی خاكی كوردستاندا بەشداربین."
دەربارەی نەقیب رەنگین گوتی: "یەكێك بوو لە ئازاترین فەرماندەكانی فەوجەكەمان و دڵسۆزی خاكی كوردستان بوو."
رەنگین لە ساڵی 2002وەوە پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی ژنانەوە كردووە، كە ئەو كات هێشتا تەمەنی یاسایی تەواونەكردبوو بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركە.
"رەنگینی كچم لەبەر چاوی خۆمدا پێكرا لە بەرەی شەڕدا" ئەمە گوتەی نەسرین حەمەلاوی دایكی رەنگین بوو لەسەر گۆڕی كچەكەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، كە هاوكات خۆشی هاوشانی كچەكەی جێگری فەرماندەیە لە هەمان فەوج و پلەی موقەدەمی هەیە، گوتیشی: "بەڵام شەهیدبوونی ئەو كچەم ساردمان ناكاتەوە لە خەبات و پارێزگاری لە خاكی كوردستان، لە بنەماڵەكەمدا چەندین شەهیدی دیكەمان بەخشیوە و ئامادەشم خۆشم لە هەمان رێگەدا شەهیدبم."
دواتر یوسف عەزیز باوكی رەنگین، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خوێنی كچەكەم پێشكەشی خاكی كوردستان بێ، خۆم و منداڵەكانی دیكەشم ئامادەین خۆمان بەخت بكەین بۆ پارێزگاری لە خاكی پیرۆزی كوردستان."
رەنگین ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە، لە ساڵی 2002وەوە پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و دوا پلەی سەربازیی نەقیب بووە و جێگری فەرماندەی فەوجی دووی سەر بە هێزەكانی 70 بووە. لە گۆڕستانی كەڵەكن لە شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا.