Azat Muhammet
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2017
دهۆک-AA
لە شارەدێى باشیک ساڵانە هەزاران تۆن زەیتوون بەرهەم دەهێنرێت و لە بازاڕى شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان کڕین و فرۆشتنى پێ دەکرێت، هەرچەند داعش زۆرینەى کارگەکانى بەرهەمێنانى زەیتوونى ناوچەکەى خاپوور کرد یان بۆ بەرژەوەندى خۆى وەک بنکەیەکى سەربازى بەکارهێنا بوو لە دووساڵى رابردوو، بەڵام دواى نەمانى داعش جارێکى دیکە زەیتوون فرۆشانى شارەدێى باشیک دەستیان کردەوە بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنى زەیتوونەکانیان.
لە ئابى ٢٠١٤، شارەدێى باشیک لەلایەن چەکدارانى داعش کۆنتڕۆڵکرا، دواى زیاتر لە دووساڵ مانەوەى داعش لە ناوچەکە لە ٧ تشرینى دووەم هێزەکانى پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکى کۆنتڕۆلکردنەوەى باشیکیان دەست پێ کرد دواى گەمارۆدانى شارەدێکە بۆ ماوەى ١٥ رۆژ تەواوى ناوچە لە داعش پاککرایەوە، چەند مانگێک بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەى باشیک تێنەپەڕى زەیتوون فرۆشانى ناوچەکە لە چەند شوێنى شارەدێى باشیک دەستیان بە بەرهەمهێنانەوەى زەیتوون کردەوە و جارێکى دیکە روویان لە چواڕیانى عەزاوى کرد بۆ بە بازاڕکردنى زەیتوونەکانیان.
ئەکرەم یەکێکە لە فرۆشیارانى زەیتوونى باشیک بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە پیشەى رۆژانەى دەکات و دەڵێت "من رۆژانە لەم چواڕیانە ١٦ جۆر زەیتوون دەفرۆشم، کڕیاران لە هەولێر، سلێمانى، دهۆک، چەمچەماڵ و زاخۆ لە تەواوى شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان دێن بۆ ئێرە تاوەکو زەیتوون و رۆنى زەیتوون لەئێمە بکڕن، خەڵکەکەیش زۆر لە نرخى زەیتوونەکانمان رازین".
دەشڵێت "بەتاک و بەکۆ زەیتوون دەفرۆشین، خۆم وەک زەیتوون فرۆشێک بەتەنها رۆژانە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ کیلۆگرام زەیتوون دەفرۆشم. نرخەکەى هەمووى دیاریکراوە بۆ مشتەرى هەرزانترە و بۆ پێشمەرگەیش زۆر هەرزانترە، ئەمەیش وەک دەربڕینى سۆز و خۆشەویستى خۆمان بۆ پێشمەرگە کە ناوچەکەى ئێمەیان لە دەست داعش زرگار کرد و ئێستاش بەرگریمان لێ دەکەن".
فرۆشیارانى زەیتوون ئاماژە بەوە دەدەن کە داعش لە ماوەى دوو ساڵى دەسەڵاتى لە ناوچەکە زیانى زۆرى بە باخەکانى زەیتوون گەیاندووە، تەنها ئەو باخانە وەک خۆیان ماون کە هاووڵاتییان خۆیان پاراستوویانە. بەشێکى زۆر لە دار زەیتوونەکانى کە تەمەنیان بۆ چەندین ساڵ بۆ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە بەهۆى ئاگرى داعشەوە سووتێنرا لە ناو بردران. داعش لەو ماوەیەدا زۆرینەى باخەکانى زەیتوونى وەک حەشارگە بەکارهێناوە لە نێو هەر باخێکدا تونێل یان بارگەیەکى تێدا دروست کردبوو.
دانیشتووانى باشیک لەگەڵ بەرهەمهێنانى زەیتوون رۆنەکەشى بەرهەم دەهێنن دەیفرۆشنەوە کە زۆرینەى بەکارهێنەرانى وەک رۆنێکى تەندروست بەکارى دەهێنن. بەپێى زانستى پزیشکى بێت خواردنى زەیتوون سوودى زۆر بەتەندروستى لەش دەگەیەنێت و بۆ لەناو بردنى بەردى گورچیلە و دابەزینى کێشى لەش بەکاردەهێنرێت و بۆ کۆئەندامى هەرس بەسوودە و سەرچاوەیەکى باشى ئاسنە ئازاى ماسوڵکە و جومگەکان چارەسەر دەکات.
زەیتوون فرۆشان لە چواڕیانى عەزاوى کۆ دەبنەوە و لەسەر ئەم شەقامە گشتییەى نێوان مووسڵ، هەولێر و دهۆک زەیتوونەکانیان دەخەڕوو بەهۆى دۆخە نەخوازراوەکەى مووسڵ تا ئێستا هاووڵاتییانى مووسڵ بۆ زەیتوون کڕین روویان لە شارەدێى باشیک نەکردووە، بەڵام لە زۆرینەى شار و شارۆچکەى هەرێمى کوردستان کڕیارى زەیتوون رۆژانە روو لە باشیک دەکەن، بەدەیان کێلۆگرام زەیتوون دەکڕن، تەنانەت فرۆشیارانى زەیتوون لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بەسەدان کێلۆگرام زەیتوونێکى باشیان بەنرخێکى گونجاو دەستدەکەوێت.
کڕیارێک بەناوى سەباح عەلى کە لە شارۆچکەى ئاکرێى سەربە پارێزگاى دهۆک بۆ زەیتوون کڕین هاتووەتە شارەدێى باشیک بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شارەدێى باشیک بەناوبانگە بەزەیتوون، راستى زەیتوونەکەشى زۆر بەتامە. جگە لەمەیش نرخەکەى زۆر هەرزانە، ئەگەر بچین بۆ هەولێر یان لە ئاکرێ بکڕین یەک کێلۆگرامى زەیتوون بەچوار هەزار زیاترە بەڵام لێرە لە باشیک دەیکڕین بەهەزار دینار، ئەمەیش زۆر جیاوازە لە رووى نرخەوە. دوورى رێگاکەمان هیچ بە بەربەست نازانین لە پێناوى کڕینى زەیتوونى باشیک".
بازاڕى زەیتوون لە شارەدێى باشیک رۆژ لە دواى رۆژ متمانەى زیاتر بەسەقامگیرى ناوچەکە دەدات تاوەکو بگەڕێنەوە.