Salim Xemexan
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
ھەڵەبجە -AA
سەرۆکی رێکخراوی سەروەری ھەڵەبجە، ئیقباڵ غەفار کە ھاوکارییەکانی رێکخراوی مانگی سووری تورکی لەڕێگەی ئەوانەوە لەھەڵەبجە دابەشدەکرێن، لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند "ئەمڕۆ بەھاوکاریی رێکخراوی مانگی سووری تورکی ھاوکارییمان بەسەر ٣٠٠ خێزانی ھەژار و کەمدەرامەتی ناوشاری ھەڵەبجە دابەشکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ھاوکاریی رێکخراوی مانگی سووری تورکیدا خۆی دەبینێتەوە کە ھاوکاریی کردنی ٥٥٠ خێزانە لەناو شاری ھەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ و سیروان و بیارە و لە ئایندەشدا ناحیەی بەمۆ سەربە پارێزگای ھەڵەبجە، خۆشبەختانە ئەوەی دابەشی دەکەین سەرجەم خەڵکانی ھەژار و کەمدەرامەتی ئەو ناوچانە دەگرێتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ھیچ جۆرە جیاوازیەک لەنێوان خێزانەکاندا".
گوتیشی: "ئەم ھاوکارییانەی ئەمڕۆی رێکخراوی مانگی سووری تورکی لە چوارچێوەی گوژمەی دووەمی ھاوکاریەکانیاندایە بۆھەڵەبجە کە بۆیەکەمجار بوو ئەو رێکخراوە ھاوکارییەکانی ھێنایە پارێزگای ھەڵەبجە لەڕێگەی رێکخراوەکەمانەوە و تەمەنناش دەکەین زیاتر چاویان لەھەڵەبجە بێت چونکە ئەم پارێزگایە ناوچەیەکی بنبەستە و پێش ئێمەش رێکخراوی مانگی سووری تورکی نەھاتبوویە ئەم شارە، داوای بەردەوامیشیان لێدەکەین و ئەوانیش بەڵێنی ھاوکاریی زیاتریان پێداوین".
دەربارەی پێکھاتەی ھاوکارییەکانیش سەرۆکی رێکخراوی سەروەری ھەڵەبجە گوتی: "ھاوکاریەکان پێکدێن لەفەردەیەک برنج وەک خۆراک لەگەڵ کارتۆنێک کە بەتانی و جلوبەرگی گەورە و بچووکی تێدایە لە منداڵی یەک ساڵەوە تا کەسی بەتەمەن".
پێشتریش رێکخراوی مانگی سووری تورکی بەھاوکاریی لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی جلوبەرگی بەسەر ھاووڵاتییانی ھەژار و کەمدەرامەتی ناوشاری ھەڵەبجەدا دابەشکرد، کە ھەزاران پارچە جلوبەرگی جۆراوجۆر بوون بۆگشت تەمەنەکان.