Ekrem Payan
30 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2023
شرنەخ - AA
لە هەڵمەتێکدا کە بە هاریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا و پارێزگاری شرنەخ و یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی فستقی شرنەخ دەستی پێ کردووە، کێڵگە چۆڵ و زەوییە بۆرەکان دەکرێنە باخچەی فستق.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، ئەمساڵ ٥٠٠ هەزار نەمامی فستق بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی فستق لە شرنەخ، عەزیز نامدار باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا و لە یەکەم قۆناغدا، ١٠٠ هەزار نەمامیان ئامادەکردبوو، بەڵام لەسەر خواستی هاووڵاتییان گەیاندوویانەتە ٥٠٠ هەزار.
عەزیز نامدار باسی لەوە کرد کە نەمامەکان لە مانگی تشرینی دووەمدا دەنێژن و گوتی: ''لە دامەزراوەی بەرهەمی فستقدا هەلی کار بۆ نزیکەی ٥٠ کەس دەرەخسێنین. ئامانجمان بۆ ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن نەمامی فستقە لە ساڵێکدا لەگەڵ رەخساندنی هەلی کار بۆ ٢٠٠ کەس لە ساڵێکدا. ئیدی زەوییە بۆرەکان دەکەینە باخچەی فستق''.
عومەر بایات کە یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی تۆپتەپە، باسی لەوە کرد کە بەو هاوکارییەی لە دەوڵەتەوە وەریگرتووە، پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووبەری ٤٠ دۆنم زەوی باخچەی فستقی دامەزراندووە.