ھەولێر
عەبدولستار ئەمین خەڵکی شارۆچکەی قەسرۆکی سەر بە پارێزگای ھەولێرە و لە ماڵەکەیدا لەگەڵ منداڵەکانی مار و پشیلە و کەو و باڵندەی چیایی بەخێو دەکا.
عەبدولستار بۆ AA گوتی: "من داوا لە ھەموو نەتەوەکان دەکەم واز لە دوژمنایەتی بێنن و پێکەوە بە ئاشتی بژین."
ناوبراو ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی پیراباسیوا کە زێدی باب و باپیرانی بووە باردەکات بۆ شاروچکەی قەسرۆک و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە، لە ژیانی خۆیدا زیاتر بازرگانی و پێشمەرگایەتی کردووە، بەڵام ھەمیشە زۆرترین کاتی لەگەڵ ئاژەڵان بەسەر بردووە.
لەبارەی چیرۆکی بەخێوکردنی ئاژەڵانی چیایی بۆ AA گێڕایەوە: "ساڵی ١٩٨٣ من دەستم بە مارگرتن کرد و ھێنامنە ماڵەوە ،خەڵک ئاژەڵی ماڵییان بەخێو دەکرد، بەڵام من ئارەزووم لە گرتنی مار و بەتایبەتی رەشمار بوو و بە کارێکی جیاوازم دادەنا."
عەبدولستار گوتی: "بەڕای من ماری رەش بونەوەرەکی پیرۆزە و لە کەلتوری کوردیشدا ھاتووە کوشتنی رەشمار نەھامەتی لەدوایە و ھەندێ جاریش دەڵێن مار دوژمنە، بەڵام ھەموو مارێک دوژمن نیە."
لەبارەی ژەھری مارەکانیشەوە گوتی: "من ددانی ژەھراوی مارەکان دەرناھێنم لەبەرئەوەی ماری رەش ددانی ژەھری نیە، ئەوە چەند ساڵێکە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو مارانە دەکەم ھیچ زیانێکیان نە بەخۆم نە بە ماڵ و منداڵ و دراوسێکانم نەگەیاندووە."
جەختی لەوەیش کرد، ھەرکەس سەردانی ماڵەکەمان بکا دەتوانێ بەبێ ترس دەست لەو مارانە بدا.
عەبدولستار دەڵێ من لە ساڵی ٢٠٠٧ وە کارژی مارەکان وەک دەرمان بەکار دێنم و بۆ چەندین نەخۆشی وەک نەخۆشیی گەدە، قۆڵون و ھەناو بەکەڵکە، لەبەرئەوەی مار ساڵی جارێک کارژ فڕێ دەدا ئەوا نەخۆشەکان دەبێ ماوەیەک چاوەڕوان دەبن.
ئەو ماربەخێوکەرە روونیکردەوە، گەلێک ئاژەڵ ھەن دژی یەکترن وەک پشیلە، کوندەپەپو و کەو، بەڵام لە ماڵی ئێمە ھەموو پێکەوە دەژین، ئێستا لە ماڵەوە ٣٣ مارم ھەیە یەکێک لەوانە ناوی شامارە، کە ئەگەر لە دەشت بێ ھیچ رەشمارێک ناتوانێ لێی نزیک ببێتەوە بەڵام لێرە ھەموو مار و ئاژەڵەکان پێکەوەن.
عەبدولستار لە کوتایدا گوتی: "پەیامێکم ھەیە بۆ ھەموو گەلان، ئێمە وەک کورد ئاشتیخوازین و دۆستایەتی لەگەڵ ھەموو نەتەوەیەک دەکەین و دەستی دۆستایەتی بۆ دوژمنانی کوردیش درێژ دەکەین."