Salih Bilici,Ramal Abdullah Mahmood
08 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە – AA
لە ٨٧ هەزار ٩٣٥ مزگەوتی سەرتاسەری تورکیا گوتاری ئەم هەینییە لەبارەی قودسەوە درا.
لە گوتاری ئەم هەینیەیی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیادا هاتووە: "قودس و دەوروبەری کە هەزاران ساڵ بووەتە لانکی ژمارەیەک شارستانییەت چەندین پێغەمبەری پایەبەرزی وەک حەزرەتی ئیبراهیم، حەزرەتی یەعقوب، حەزرەتی موسا، حەزرەتی سولەیمان و حەزرەتی عیسای لێ ژیاون. لە رووداوی ئیسرا و میعراجیشدا دوا میوانی پیرۆزی قودس حەزرەتی موحەممەد موستەفا (د.خ.) بوو. یەکەم رووگای مسوڵمانانیش مزگەوتی ئەقسایە کە لە قودسە. قودس و مزگەوتی ئەقسا موژدە و ئەسپاردەی پێغەمبەرە بۆ ئێمە. هەموو موئمینێک لە دڵەوە گرێدراوە بە قودس و شارێکی خۆشەویستە. قودس بەشێک لە هیچ خاکێک نییە. قودس تەنها هی ئەو کەسانە نییە کە لە فەڵەستین و دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا دەژین، بەڵکو مژاری هاوبەشی هەموو جیهانی ئیسلامی و مرۆڤایەتییە".
لە گوتارەکەدا باس لەوە کرا کە قودس بە فەتحکردنی لەلایەن ئیمامی عومەرەوە گەیشتە ئاسوودەیی، مسوڵمانان ساڵانیکی دوورودرێژ دادپەروەرانە حوکمیان کرد. لە قودس گیان و ماڵ و پیرۆزی باوەڕداری هەموو کەس تەنانەت ئاسایشی گیانی و ماڵی غەیرە مسوڵمانەکانیش پارێزرا. لە گوتارەکەدا ئاماژە بەوە درا کە رووداوەکانی ئێستای قودس و دەوروبەری هێرشکردنی بێبەزەییانەیە بەرامبەر ئازادی بیروباوەڕ و ژیانی خەڵک و گوشارخستنەسەر و توندوتیژی و بەتەنهاجێهێشتنی دانیشتووانی ئەوێیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا هاتووە: "شوناسی موسڵمانان لە قودس کراوەتە ئامانج. مزگەوتی ئەقسا کە داگیرکراوە، ئێستاش هەوڵی داگیرکردنی هەموو قودس دەدرێ. ئەم بڕیارە بە پێچەوانەی بەها مرۆییەکان و رێساکانی نێودەوڵەتییە. هەوڵ دەدەن قودس بکەنە پایتەختی ئیسرائیل. ئەمە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێکهەڵچوون لە ناوچەکە. ئەمە شیاوی قەبوڵکردن نییە. پێویستە هۆشیاربین لەم گورزەی کە لە ویژدانی مرۆڤایەتی دەوەشێنرێ. هەنگاوێکە بە ئاراستەی ناسەقامگیری و تێکدانی ئاشتی و ئاسایش و مەترسیدارە. لە کۆتایی گوتارەکەیدا نزا بۆ قودس و جیهانی ئیسلامی خوێندرا.