Rewa Mahmood Hasan
29 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2020
سلێمانی - AA رەوا حاجی
پێویستی باوکی داهێنانەکانە، دەکرێت زۆر جار ئەم دەستەواژەیە بەهەند وەربگیرێت، لەکاتێکدا پێویستی تەنگ بە مرۆڤەکان هەڵدەچنێت، ئیتر مرۆڤ دەبێتە کاراکتەرێک بەردەوام بیر دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی.
لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە ئێران کە نزیکترین وڵاتە لە عێراقەوە و چەندین دەروازە و خاڵی سنووری تێکەڵیان هەیە، هاووڵاتیان لە عێراق و بەتایبەت لەشارەکانی هەرێم کەوتنە خۆیان بۆ رێگاکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە. یەکێک لە رێگاکان بەپێی گوتەی پسپۆرانی پزیشکی، بەکارهێنانی ماسکی تایبەت بە ڤایرۆسە.
لەهەندێک ناوچە بەکارهێنانی کەمامە خواستێکی زۆری بۆ دروست بووە، ئەمەش وای کردووە کە رێژەی خواست لەچاو خستنەڕوودا زیاد بکات،(مامەڵەی عەرز و تەڵەب) نرخەکەی لەهەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و قەیرانی کەمی کەمامە دروست بوو.
هاووڵاتییەکی پیشەگەر لەسلێمانی دوای ئەوەی کە دەچێتە بازار بۆ بەدەستخستنی دەمامک و کەمامە، لەبەر کەمییەکەی دەستی ناکەوێت، ئەمەش وای لێدەکات کە خۆی بیر بکاتەوە لە دروست کردنی کەمامەیەک بۆخۆپارێزی، بۆ ئەو مەبەستە دەچێتەوە نێو شوێنی کارەکەی لە بازاڕ و بڕیار دەدات کە دەبێت کەمامەیەک دروست بکات.
پاش مشتومڕ لەگەڵ هاوەڵەکانیدا لە بازار و لە نزیک شوێنی کارەکەی، دیزاینێکی نوێ بە بەرهەمی خۆماڵی بۆ دروستکردنی کەمامە ئامادە دەکەن و دەست دەکەن بە جێبەجێ کردنی پلانی دروست کردنەکەی.
ئاژانسی ئانادۆڵو چوویە لای ئەو پیشەگەرە، تاکو لە نزیکەوە هەوڵی ئەو پیشەگەرە بۆ دروست کردنیکەمامە بکاتە هەواڵێک.

جەبار حەسەن ناسراو بە وەستا جەبار تەمەن ٣٥ ساڵ کە لە بازاڕی مسگەران سەرقاڵی دروست کردنی خێمە و چادری سەربازییە، لەرێی مەکینەی بەرگردووییەکەیەوە رۆژانە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات،وەستا جەبار تا شەشی سەرەتایی خوێندووە بەڵام لەلایەن هاوپیشەکانیەوە بە وەستا بلیمەتەکە ناسراوە، ئەو کە پێویستی وای لێکردووە بیر لە دروست کردنی ماسکێکی خۆماڵی بکاتەوە بەدەم دروست کردنی کەمامەی خۆماڵییەوە بەو چەشنە باس لە سەرەتای بیرۆکەکە دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "رۆژێک هاتمە بازاڕ بۆ ئەوەی کەمامە بکڕم بۆ خۆم و خێزانەکەم، دوو منداڵم هەیە، هەرچەندێکم کرد بەهۆی قەیرانی کەمی کەمامەوە نەمتوانی بەدەستی بخەم، بۆیە بە نائومێدی گەڕامەوە بۆ دووکان، لێرە بڕیارم دا کە خۆم دروستی بکەم بەو کەلوپەلانەی لەبەردەستم دان، کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵانی تری گوزەرەکەمان(بازاڕەکە) بڕیارمان دا دیزاینێکی بۆ بکەین، بە شێوەیەک تەندروست بێت.''
لە فلتەری کارگەکان و سەری دەبەی ئاوو خەڵوزو خوێ و لۆکەی خۆماڵی کەمامەکە دروست دەکات
وەستا جەبار ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بۆ دروستکردنی کەمامەکە چەند ماددەیەکی پێویستە لەوانە قوماشی تایبەت بە فلتەری کارگەکان، دەبەی ئاو، لۆکەی خۆماڵی، خوێی دەریایی(زبر) هاڕاوەی خەڵوز.
دوای ئەوەی کە بەپێی پێوەری جیاجیا قوماشی فلتەری کارگەکان دەبڕێت، پاشان سەری دەبەی ئاوەکە دەبڕێت و لەسەر قوماشەکە جێگیر دەکات و پارچەیەک قوماشی تر دەداتەوە بەسەریداو پێیەوە دەدورێت بۆ ئەوەی جێگیر بێت، لەو نێوەندەدات هاڕاوەی خەڵوز و خوێی دەریاییەکە تێکەڵ بە لۆکە خۆماڵییەکە دەکات، دەیکاتە سەری دەبەی ئاوەکەوە، کە شوێنی هەوا گۆڕکێی بۆ دروست دەکات. سەری دەبەی ئاوەکە لەو شوێنەی کە دەکرێتەوە بە دەرزیەک کون کون دەکات بۆ هەواگۆڕکی. هەواکە لەو کونانەوە بە فلتەری لۆکە و خوێ و هاڕاوەی خەڵوزەکەدا تێپەڕ دەبن و دواتر بەر قوماشی فلتەری کارگەکان دەکەون پاشان هەوای فلتەر کراو دەچێتە سیستەمی هەناسەدانی بەکارهێنەرەکەیەوە.

رۆژانە ١٠٠ دانە زیاتر دروست دەکەم بەپێی خواستی کەسەکان
دوای ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی بڵاو بۆتەوە، خواستێکی زۆر لەسەر کەمامە خۆماڵییەکەی وەستا جەبار دروست بووە، وەک لەزاری خۆیەوە باسی لێوە دەکات، چەندین کەس داوایان کردووە بە ١٠٠ دانە بۆیان دروست بکات، چونکە ئەو کەمامەکە توانەی شوشتن و بەکارهێنانێکی زۆرتری هەیە.
وەستا جەبار بەدەم کارکردنەوە وەڵامی کڕیاران دەداتەوە، بۆ ئەوەی کەمامەیەکیان بداتێ. نرخەکەی دەگۆڕێت بەپێی تایبەتمەندیەکانی ئەگەر کەمامەکە تێکەڵەی خەڵوز و خوێکەی تێدا نەبێت ئەوا بە دوو هەزار دەیدات، بەڵام ئەگەر تێکەڵەی خەڵوز و خوێیەکەی تێدا بێت ئەوا بە ٣ هەزار دەیفرۆشێت.
''حەزدەکەم مارکەی تایبەتی خۆمی لێ بدەم و کارەکە گەورەتر بکەم''
وەستا جەبار باس لەوە دەکات ئەگەر بێت و خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەکەی هەبێت، ئەوا ئامادەیە پەرەی پێ بدات و مارکەیەکی خۆی هەبێت بەناوی'' تەندروستیەکی باش'' بە ئینگلیزیەکەی Good Health کە تەنیا ئامانجی ئەوەیە خەڵک بەدوور بن لە نەخۆشی و بەتایبەت ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەڵێت، ''رێکخراوێک تەلەفۆنی بۆ کردووم کە داوای کردووە ١٠٠ دانەی بۆ دروست بکەم، بەس بە شێوەی سادە بەبێ سەری دەبەو خەڵوزو خوێیەکە، چونکە لەبازاردا جۆرەکەی تر دەستناکەوێت لە جۆری N95، ئەم ٥ نمونەیەم بۆ دروست کردووە تاکو سەیری بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن.
وەستا جەبار کە لایەن هاوپیشەکانی هاوسێیەوە پشتگیرییەکی زۆر دەکرێت، باس لەوە دەکات لەساڵانی ١٩٩٠ دا ئەو کاتەی دەنگۆ هەبوو رژێمی بەعسی رووخاو کیمیایی بەسەر شاری سلێمانیدا دەڕێژێت، خەڵک بۆخۆی لە چەندین ماددە کەمامەی دروست کردووە بۆ خۆپارێزی لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، چونکە ئەوکات تواناکان هێندە زۆر نەبوون بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٨٨ دا و دەڵێت، ''ئەوکاتە منداڵ بووم بیرمە خەڵک خۆی کەمامەی دروست دەکرد، لە خەڵوز بۆ خۆپارێزی، ئێستاش دەتوانین هەمان شت بکەینەوە تاوەکو خۆمان بپارێزین لەو بەڵایەی ئەگەری هەیە روومان تێبکات''.

ئاوات فوئاد، ٣٧ ساڵ کە پیشەی زێڕینگەرو یەکێکە لە کڕیارەکانی کەمامە خۆماڵییەکەی وەستا جهباره، ئاماژە بەوە دەکات ئەو خاوەنی دوو منداڵی وردە، خۆی رۆژانە لە دووکانەکەی سەرقاڵی کاسبی کردن و دابین کردنی بژێوی ژیانێتی، بەهۆی کەمی کەمامەوە هاتووەتە لای وەستا جهبار، تاکو خۆپی بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاکو لەو ڕێیەوە منداڵەکانی بەدوور بن لە هەر زیانێک و هەر نەخۆشیەک.
ئەو بەدەم گلەیی کردن لە کەمبوونەوەی بازاڕی فرۆشتنی ئاڵتون، ئاماژەی بەوە دەدات کە دوای سەرهەڵدانی قەیرانەکە هیچ جۆرە ئاڵتونێک لە ئێرانەوە ناهێنن تەنیا لە وڵاتانی کەنداوەوە دەیهێنن، بەڵام بازاڕیان کزبووە. بۆیە کەمتر لەگەڵ خەڵکدا مامەڵە دەکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەوڵ دەدات کە خۆی بپارێزێت لە توش بوون بە ڤایرۆسەکە بۆیە کەمامە خۆماڵیەکەی بە باش زانیوە، تاکو بیکڕێت و دەڵێت، ''ئەو کەمامانەی تر تەنکن و ئەگەر بیانشۆیت تێکدەچن، بەڵام ئەمە ئەگەر بیشۆیت تێکناچێت. لاستیتێکی تۆکمەی پێوەیە، گوێچکە ئازار نایەت، بۆیە ئەمەم هەڵبژارد، ئەوانەی تر دەستناکەوێت، چەندین دەستیش دەکات، بەڵام لێرە ئێمە لەبەرچاوی خۆماندا دروست دەکات، زیاتر متمانەمان پێیەتی''.