Hemin Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی - AA
لە درێژەی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی، مانگی سووری تورکی ژمارەیەک خیوەتی گەیاندە شارەدێی مەیدان سەر بە قەزای خانەقین بۆ ئەوەی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا دابەش بکرێت کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناو خانووەکانیان.
لە گوندی قەرەوتەی سەر بە شارەدێی مەیدان، خێزانێک بە شێوەیەکی سەیر رزگاریان بووە چونکە تا ئێستا نزیکبوونە لە خانووەکەیان جێگای مەترسییە بە هۆی ترازانی دیواری خانووەکە.
فاتیمە حەمە کەریم کە خەڵکی گوندەکەیە و لە کاتی پێدانی خیوەت لە لایەن مانگی سووری تورکی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو شەوە دانیشتبووین و لەپڕ وامانزانی مووشەکێک بەر خانووەکەمان کەوت و رامانکردە دەرەوە، بەڵام دەرگاکە نەکرایەوە، چەند بلۆکێک و شووشەی پەنجەرەکە بەر من کەوتن و ئیتر دوای هەوڵدان دەرگاکەمان کردەوە و هاتینە دەرەوە، ئیتر خانووەکە بەجۆرێک ترازاوە کە ناتوانین لێی نزیک ببینەوە".
فاتیمە حەمە کەریم گوتی: "پێنج سەر ئاژەڵمان هەبوو کە سێ دانەیان لەناوچوون دوو دانەش زوو سەرمان بڕین".
فاتیمە حەمە کەریم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ هاوکارییەکانی حکوومەتی تورکیا و گوتی:"سێ شەوە لە ماڵی خزم و کەسوکاران دەخەوین، بە هۆی رووخانی خانووەکەمان پێویستمان بە خیوەت هەبوو".
شارەدێی مەیدان سەر بە قەزای خانەقینە و 44 گوند لەخۆ دەگرێت کە ژمارەی دانیشتووانیی سنوورەکە هەزار و 767 کەسە و بە پێی ئامارە سەرەتاییەکانیش 15 خانوو لەو سنوورە بە تەواوی رووخاوە.