Heman Hussein Yaseen
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2020
هەولێر - AA
بازاڕی شێخەڵڵا، بازارێکی گەورەی پڕ لە جەنجاڵی لە ناوجەرگەی شاری ھەولێر کە دەیان منداڵی دەستگێڕی لێ دەبینرێت، ئەم دیمەنە لەلایەک جۆرێک جموجۆڵ و گەڕم و گوڕی بەبازاڕەکە بەخشیووە و لەلایەکی دیکەوە ئەرک و قورسی ژیانی بەشێک لەو منداڵانە نیشان دەدات کە بە درێژایی رۆژ لەو بازاڕەدا، بەدوای کڕیارەکانەوە، راکەڕاکیانە.
منداڵە دەستگێرەکان کە هەندێکیان تەمەنیان لە خوار تەمەنی یاساییەوەیە، لەناو جەرگەی شارەکەدا دەبینرێن و بەشێکیان زەرفی بچووک و گەورەیان لەدەستە و بەدوای ئەو کڕیارانەوەن بۆ ئەوەی زەرفەکانیان پێ بفرۆشن و کڕیارەکانیش ئەو کەلوپەلانەی کە کڕیویانە تیادا جێی بکەنەوە.
بەشێکیش لەو منداڵانە عارەبانەی بچووکیان بە دەستەوە گرتووە کە ئەمە دیاردەیەکە بەم دواییە لە بازاڕەکاندا رووی لە زیادبوون کردووە، بەم عەرەبانانەدا، کەلوپەلی کڕیاران دەگوزانەوە بۆ نزیک شەقامی گشتیی یان ئەو شوێنەی کە کڕیاران ئۆتۆمبێلەکانیان لێی راگرتووە.
جگە لە هاووڵاتییانی شارەکە، بەشێک لەو منداڵە دەستگێڕانە، ئەو ئاوارە و پەنابەرانەن کە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکانیان لە هەولێر نیشتەجێن و رۆژانە لەو بازاڕەدا، دەبینرێن کە ژیانی رۆژانەیانی پێ دابین دەکەن.
ئەگەرچی بەهۆی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر، بەڵام لەلایەن ئەم منداڵە دەستگێرانەوە کەمتر جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەبینرێت و بێ ئاگا لە هاتنی ڤایرۆسەکە خەریکی کاری رۆژانەیانن.