Azat Muhammet
22 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
دهۆک - AA
منداڵان لە سنوورى ناحیەى نەمرود بە بێ بوونی هیچ ترسێک لە خنکان رۆژانە بۆ ماوەى دە کاتژمێر لە یەکێک لە گەورەترین رووبارەکانى عێراق مەلە دەکەن، زۆرینەى ئەو منداڵانەى لە رووبارى دیجلە مەلە دەکەن تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ دوانزە ساڵ دەبێت، بە بێ بوونى هیچ راهێنەرێک فێرى جۆرەها مەڵەى جیاواز بوون و بە چەندین شێوازى جۆراوجۆر خۆیان بۆ ناو ئاوى رووبارەکە هەڵدەدەن.
قووڵایی رووبارى دیجلە لە سنوورى ناحیەى نەمرودى سەربە قەزاى حەمدانیە نزیکەى ١٥ مەتر دەبێت و پانییەکەشى زیاتر لە ٣٠٠ مەتر دەبێت، ئەو منداڵانە بە جۆرێک لە مەلەکردن لە رووبارەکە راهاتوون بە سەرکێشى نازانن کە رۆژانە پێچەوانەى شەپۆڵە بەهێزەکانى رووبارەکە مەلە دەکەن.
منداڵێکى تەمەن هەشت ساڵ بەناوى لەیس سابر دواى خۆهەڵدانى بۆ ناو ئاوى رووبارى دیجلە لە سنوورى گوندى نایفەى سەربە ناحیەى نەمرود بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە بۆ مەلەکردن و بەسەر بردنى کاتێکى خۆش و رزگاربوونمان لە گەرماى پڕوکێنەرى هاوین روو لە رووبارى دیجلە دەکەین، رۆژانە تەنها کاتى نان خواردن نەبێت، کاتەکانى دیکەى رۆژ بۆ ماوەى دە کاتژمێر لێرەین بۆ مەلەکردن".
ئەو منداڵە دەڵێت "ئێمە لە ماڵەوە کارەبامان نییە و تەنانەت فێنکەرەوەشمان نییە، کاریشمان دەست ناکەوێت، بۆیە لە بێکاریمان و نەبوونى کارەبا و فێنککەرەوە پەنامان بۆ مەلەکردن لەو رووبارە بردووە، بە هۆى بەردەوامیمان لە مەلەکردن هەم بووینەتە مەلەزان هەمیش کاتێکى خۆش بەسەر دەبەین".
منداڵێکى دیکە بەناوى کەمان خەمیس بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو سەردەمى دەسەڵاتى داعش دەگێڕتەوە و دەڵێت "کاتێک داعش لێرە دەسەڵاتدار بوو، ئێمە هەر مەلەمان دەکرد، بەڵام ئەو کات داعش لەسەر ئێمەى سەپاندبوو بە جلوبەرگەوە مەلە بکەین، لە ئێستادا بە ئازادى خۆمان مەلە دەکەین و بە بێ هیچ ترسێک جلوبەرگى مەلەکردن لەبەر دەکەین".
منداڵانى سنوورى ناحیەى نەمرود درکیان بەوە نەکردووە کە بە هۆى مەلەکردن و بەرزى پلەکانى گەرما لە هەمان کاتدا رووخساریان رەش هەڵگەڕاوە پێستیان زیانى بەرکەوتووە، وەک بڵێى یەکەمجار بێت مەڵەوانێک بۆ مەڵەوانگە هاتبێت لە گەرم و گوڕیان سارد نەبوونەتەوە.
ئەو منداڵانە لە کەنار رووبارەکە گل و لم بەسەر جەستەى یەکتر دەکەن، بە مەبەستى پاراستنیان نا لە گەرماى هاوین، بەڵکو بەو مەبەستەى لە کاتى خۆ هەڵدانیان بۆ ئاوەکە لە کاتێکى کەم بە خاوێنى دێنە دەرەوە لە ئاوەکە، ئەوەى هەست دەکرێت ئەو منداڵانە بە هۆى بچووکی تەمەنییانەوە لەو هەموو سەرپێچیانە تێنەگەن.