Sarmand Hameed ,Abdullah Shukur
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2017
تاران
سەرکۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی ئەکبەر ھاشمی رەفسەنجانی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئێرانی رایگەیاندبوو کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٨ـی ١ـی ٢٠١٧ رەفسەنجانی بەهۆی نەخۆشی دڵ رەوانەی نەخۆشخانە کرا بوو لە تاران.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە عەلی ئەکبەر ھاشمی رەفسەنجانی نیو کاتژمێر پێش کۆچ کردنی، بەهۆی نەخۆشی دڵ رەوانەی نەخۆشخانە کرا و زانیاریی زیاتری لەو بارەیەوە نەخستووەتە روو.
عەلی ئەکبەر ھاشمی رەفسەنجانی کە تەمەنی ٨٢ بوو بە کەسێکی خاوەن پێگەی فراوان لە ئێران دادەنرێت و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی کە لە نێوان ئەنجوومەنی شورا(پەرلەمان) و ئەنجوومەنی چاکسازی دەستوور.
لە پێش شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ رەفسەنجانی بەشداری لە بزووتنەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی کرد و لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقیش لە نێوان ساڵانی(١٩٨٠-١٩٨٨) رۆڵێکی کاریگەری بینی بوو. رەفسەنجانی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٧ بۆ دوو خول پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی وەرگرتبوو.