Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ساڵی نوێی خوێندنی 2017 – 2018 دەستی پێكرد و یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند خوێندنگەیەك رێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەیەوە سازكرا.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار قوتابی بۆ ساڵی نوێی خوێندن روو لە قوتابخانەکان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر لە رێوڕەسمی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە خوێندنگەی سەرسەنگی كچان لە شاری سلێمانی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی ئاراستەی مامۆستایان و قوتابیان كرد و هیوای خواست ساڵی نوێی خوێندن ساڵی سەركەوتنی زیاتری مامۆستایان و قوتابیان بێت.
دڵشاد عومەر گوتی: "سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی هەیە، مامۆستایان نەیانهێشتووە نەوەكانمان لە زانست و زانیاری دوا بكەون، بەداخەوە دووساڵی رابردومان دوو ساڵی جیاوازی پڕ لە نەهامەتی و قەیرانی دارایی و سیاسی بوو بۆ هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، لەو دووساڵەدا لە كەشێكی زۆر نائارامدا خوێندنمان تەواو كرد و بە سوپاسەوە هەر سەركەوتوو بووین".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، هیوای خواست لە ئەمساڵی خوێندندا بە ئارامی و لە خۆبوردەییەوە پشتیوان بن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە لە سنورەكەدا.
دڵشاد عومەر ئەوەشی گوت: "هەمیشە بە نووسراو و لە كۆبوونەوەكاندا باسی داخوازی و مافەكانی مامۆستایانمان كردووە، بەڵام بەداخەوە هاوشان لەگەڵ یەكێتی مامۆستایان تائێستا سەركەوتوو نەبووین، لەبەر ئەوە ئێمەش حاڵمان حاڵی ئێوەی مامۆستایانە و ئەگەر پێداچوونەوە بكرێت بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، ئەوا ئێمەش سەربەرزانەتر و سەركەوتوو دەبین لە پڕۆسەی پەروەردە".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هۆشداریدا لەوەی بەهۆی قەیرانی دارایی و فەرامۆشكردنی كەرتی پەروەردە لە لایەن بەرپرسانی شارەكەوە، پڕۆسەی پەروەردە لە سنوورەكەیدا بەرەو قەیران دەڕوات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بە زوویی بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن.
لە ماوەی دووساڵی رابردودا بەهۆی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆرانەوە، پڕۆسەی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی سستی بەخۆوە بینی و مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد، بەجۆرێك ساڵی پار مامۆستایان بۆ ماوەی چوار مانگ مانگرتنیان راگەیاند و لەسەر شەقامەكان رۆژانە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجام دەدا و داوای چارەسەركردنی كێشەی مووچەیان دەكرد.
دوێنێش ژمارەیەك لە مامۆستایان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و مۆڵەتی مانگێكیان دایە لایەنی بەرپرس بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، بەپێچەوانەوە دوای ئەوە دەست بە مانگرتن دەكەنەوە.