Sangar Hamad Azeez
16 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2015
ئورفا
ئەو خێزانە کوردانەی کە لە ترسی گیانیان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کۆبانێیان بەجێ هێشت ماوەی ١٠ مانگ دەبێت لە کەمپەکانی شارۆچکەی سروج ژیان دەگوزەرێنن.
کەمپەکانی پەنابەریی سروج کە بە گەورەترین کەمپی پەنابەری دادەنرێت لە تورکیا، تێیدا خوێندن بۆ قوتابیانی پەنابەر فەراهەم کراوە. نزیکەی ٧ هەزار قوتابی لەسەر هەمان سیستەمی وڵاتەکەی خۆیان لە کەمپەکان درێژە بە خوێندن دەدەن. جیا لەمەش لەگەڵ وانەکانی خۆیان وانەی زمانی تورکیش وەردەگرن.
قایممەقامی سروج عەبدوڵڵا چیفتچی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەو کەمپە بە هەمان ستانداردەکانی جیهانی دروست کراوە".
ناوبراو هەروەها گوتی: "نزیکەی ٧ هەزار قوتابی بەهیوای فەراهەمکردنی ئایندەیەکی گەش لە کەمپەکان درێژە بە خوێندن دەدەن، زۆر گرنگە کە ئایندەی ئەم نەوەیە نەفەوتێت، لەبەر ئەوەی خوێندن نەبێت ئایندەی ئەو منداڵانە دەفەوتێت، لە ئێستادا هەر بەوشێوەی پلانمان بۆ داناوە سیستەمی خوێندن بەڕێوە دەچێت. لە هەمانکاتدا تاوەک سوود لە بوونیان وەربگرن لە تورکیادا هەفتانە وانەی زمانی تورکی وەردەگرن".
بەرپرسی کەمپەکە عەبدولڕەحمان ئاکسو گوتی: "بەباشترین شێوە خزمەتی کەمپەکان دەکەین".
ناوبراو گوتی: "لێرە لە کەمپەکە دوو قوتابجانەی ٢٤ پۆلیمان هەیە، تەواوی پێداویستییەکانی قوتابیان دابین دەکەین، ١٣٧ مامۆستامان هەیە و بەهەمان سیستەمی سووریا وانە دەڵێنەوە و جیا لەمەش هەفتانە ٥ ساعەت وانەی زمانی تورکی وەردەگرن".