Hemin Hüseyin
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
لە ھەولێر پێشبڕکێی ئەسپسواری بە بەشداری چەندین ئەسپسوار بەڕێوەچوو.
پێشبڕكیی ئەسپسواری یەکەمجارە لە شاری هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت.
پێشبڕکێی ئەمجارە جیاوازە و چەندین جۆر ئەسپ بە شێوازی جیاواز بەشداری پێشبڕکێیەکەیان کرد، کۆی ئەسپەکان ١٨ ئەسپ بوون کە لە دوو جۆر پێکهاتبوون، ئەسپی عەرەبی و ئەسپی ئینگلیزی کە لە دوو قۆناغدا پێشبڕکێیەکەیان ئەنجامدا.
تەمەنی ئەسپەکان لە ٥ ساڵ بەرەو سەرەوە بوون کە نرخەکانیشیان لە ٣ هەزار دۆلار بەرەو سەرەوە دەست پێدەکات و بە گشتی ئەسپەکان ٣٠ ساڵ دەژین.
گۆڕەپانەکە درێژی هەزار و ٦٠٠ مەترە و لە قۆناغی یەکەمدا ٩ ئەسپ لە جۆری ئینگلیزی لەماوەی یەک خولەک و ١٢ چرکەدا توانییان بگەنە خاڵی کۆتایی و یەکەم و دووەم و سێیەم لە براوەکان خەڵات کران.
لە قۆناغی دووەمدا ٩ ئەسپ لە جۆری عەرەبی لەماوەی یەک خولەک و ٤٥ چرکەدا توانییان هەزار و ٦٠٠ مەتر رێگا ببڕن و بگەنە خاڵی کۆتایی و براوەکانیش لەلایەن لێژنەی تایبەتەوە خەڵات کران.
ئەم پێشبڕکێیە لەلایەن یانەی ئەسپسواری هەولێر ئەنجامدرا و براوەکانیش لەلایەن یەکێتیی ناوەندی سوارچاکی کوردستان دەستنیشان کران.