hemn husain
23 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە گوتاری خۆیدا دەربارەی خاتوو دانیال میتران گوتی: "سوپاس بۆ ڕێکخستنی ئەم دەرفەتە بۆ یادکردنەوەی خانمێکی زۆر بەنرخ کە بەڕاستی وەکو دایکی کورد ڕەفتاری کرد. من ساڵی ١٩٨٩ بۆ یەکەمجار لە رێی دکتۆر کەنداڵ نەزانەوە بە خزمەتی خاتوو دانیال میتران لە پاریسگەیشتم. بۆ من جێی سەرسووڕمان بوو کاتێک کە من بەتەما بووم باسی نەهامەتییەکانی گەلی کوردستانی بۆ بکەم ئەو چەند رۆژێک بوو سەردانی کەمپی ئاوارەکانی کوردی لە تورکیا کردبوو کە باسی دیتنەکانی خۆی دەکرد فڕمێسکی دەڕژاند. ئەو هەمیشە یادی زیندووە. ئەو کەسێکی بەوەفا و بەئەمەگ بوو. هەروەها کاتێک کە سەرۆک میترانم دیت و دەگەڕامەوە بۆ کوردستان ئەو پێی وتم کە بە کوردەکان بڵێ فڕانسوا میتران دۆستێکی دڵسۆزی ئێوەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەدا گوتی: "لە بیرتانە پارساڵ کە کوردستان کەوتە بەر هێرشی داعش سەرۆکی فەڕەنسا هاتە کوردستان و بووە پشتگیرییەکی گەرم بۆمان. ئێمە ئەمڕۆ بەهۆی کارە تیرۆریستییەکەی پاریس سەرەخۆشیان لێ دەکەین و ئەوە دەردەخات کە جیهانی ئازاد لە یەک بەرەدا بن و بێگومان تیرۆریستەکان هیچ جێگەیەکیان نییە".
دواتر کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک و وەزیرە بەڕێزەکان و ئامادەبووانی بەڕێز من شانازی بە زمانی کوردی و زمانی فەڕەنسی دەکەم، بە پێچەوانەوە من دانیالم میترانم نەناسیووە بەڵام پێم وایە ئەمرۆژە رۆژێکی وەفادارییە و وەفای بۆ دۆستە کوردەکانی لە بەها گەورەکانی دانیال میتران بوو، زۆر خۆشحاڵ دەبوو کە ببینێت ئەمڕۆ کوردستان کە تا دوێنێ لە ژێر دەستی رژێمی دیکتاتۆر و ئەمڕۆش بووەتە شوێنێ خۆشی و ئازادی، خاتوو دانیال میتران هەستی دەکرد کە کوردەکان بە درێژایی مێژوو ناخۆشییان بینیووە و بەم دواییەش بەداخەوەین بۆ ئەم ڕوداوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە پاریس روویدا".
دواتر وتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەلایەن وەزیری رۆشنبیری خوێنرایەوە. لە وتارەکەدا هاتبوو: "بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و میوانەبەرێزەکان، ئەمڕۆ بەوپەڕی وەفاداری و شکۆمەندییەوە یادی کۆچی دوایی دۆستی کورد، دایکی کورد خاتوو دانیال میتران دەکرێتەوە، خاتوونێک کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ پشتیوانی کردن و هاوکاری گەلانی ستەمدیدە و کارەساتبار تەرخانکردبوو، وێرانی دەربڕینی هەستی وەفاداری و رێز بۆ دۆستێکی گەورە و هاوکات هەستکردنیشمانە بە شانازی کە دۆستەکانمان لە جیهاندا هەمیشە کەسایەتییە مەزن و پێشکەوتنخوازەکان بوونە، بۆ ئێمەی کورد شانازییەکی گەورەیە کە کەسایەتییەکی دیار و گەورە و بەڕێزی وەک مەدام میتران بە دایکی کورد ناسرابێت، دایکێک کە لەدووری چەند کیشوەرەوە بەوپەڕی سۆزەوە هەمیشە دڵی لای رۆڵەکانی بووە، یەکێک لەو دۆستە دڵسۆزانەی کە مەودای هەرێمی کوردستان و فەڕەنسای نزیک کردووەتەوە، هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە پڕۆسەی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان هەر زوو دەستی پڕ لە سۆزی ئەم دایکە لەودیووی سنوورەکان گەیشتە ئاوارەکان و پەنابەرانی کوردستان و دواتر لە کۆڕەوی ساڵی 1991 دووبارە توانی دەستی هاوکاری بگەیەنێتە ئاوارەکان و دواتریش کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زۆر دڵی خۆش بوو بەم پێشکەوتنەی کوردستان، ئەمڕۆ ئێمەی کورد بە شانازی و سەربڵندییەوە بە رۆحی بەرزی ئەم دایکە دەڵێین هەرگیز لەبیرت ناکەین و ئەوەتا ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و گەلی فەڕەنسا بەیەکەوە بەرگری لە بەهاکانی ژیان و مرۆڤ و جوانی دەکەین و سەری رێز دادەنوێنین بۆ رووحی پاکی خاتوو دانیال میتران".
جێی ئاماژەیە خاتوو دانیال لە ساڵی 1940 لە شاری فیردوکی رۆژهەڵاتی فەڕەنسا لە دایک بووە و لە ساڵی 1944 دەبێتە هاوسەری فرانسوا میتران و لە ساڵی 1986 دەزگای فرانس لیبێرتی دامەزراندووە و لە ساڵی 1989 بۆ یەکەمجار سەردانی کەمپی پەنابەرانی کورد لە تورکیا دەکات و لە 22/11/2011 کۆچی دوایی کرد و لە شاری کۆلۆنی لە فەڕەنسا بە خاک سپێردرا.