Sayim Harmancı
10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
هەکاری - AA
دۆڵی زاب لە سنووری پارێزگای هەکاری لە هەر وەرزێکدا خاوەن جوانییەکی تایبەتە، بەڵام لە وەرزی بەهاردا و لەگەڵ زیندووبوونەوەی سروشتدا، ئەم دۆڵە دیمەنێکی ناوازە لەخۆدەگرێت.
لەلایەک لووتکەی سپی چیاکان و لەلایەک رووپۆشی سەوزایی دۆڵەکە بووەتە جێگای سەرنجی سروشتدۆستان و وێنەگران.
شاخەوانەکانیش بە لووتکە بەرزەکاندا سەردەکەون و لە بەرزاییەکانەوە وێنەی ئەم دیمەنە دڵڕفێنە تۆماردەکەن.
سەرۆکی یانەی شاخەوانی جیلۆ، حاجی تانسو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە جوانی دۆڵی زاب دەبێتە جێگای سەرنجی ئەو کەسانەی سەردانی هەکاری دەکەن و گوتی: "چیاکانی ئێرە زیاتر لە سێ هەزار مەتر بەرزن. ئاژەڵ، باڵندە و مێرووی جۆراوجۆر لەم دۆڵەدا دەژین و هەکاری شوێنێکی نایابە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت وێنەی ناوازەی دیمەنی سروشتیی بگرن".
سروشتدۆستانیش باس لەوە دەکەن کە ئەم دۆڵە شایەنی ئەوەیە گەشتیاران سەردانی بکەن و لە نزیکەوە بیبینن.