Salim hemexan
26 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2015
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بەرزان عوسمان لەلێدوانێكدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند "بەو پێیەی كە پارێزگای هەڵەبجە ناوچەیەكی سنووری شەڕ بووە لەنێوان حكوومەتی رووخاوی بەعس و وڵاتی ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ و بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لەمین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕەكان لەناوچەكەی ئێمە، ناوبەناو كارەساتی نەخوازراو روودەدات".
گوتیشی: "بەداخەوە دوایین قوربانی تەقەمەنییەكانی پاشماوەی ئەو شەڕانە پێش دوو رۆژ منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ لە شارۆچكەی سیروان بوو كە بەهۆی دەستكاری كردنی جۆرە تەقەمەنییەكی كۆن و تەقینەوەی پیایدا گیانی لەدەستداوە".
لەدوای ساڵی 1991 و كێشانەوەی دامودەزگاكانی حكوومەتی عێراقەوە، وێڕای گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەكانی جەنگ لەكوردستاندا، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی، لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە و بەتەنها لەماوەی 11 ساڵدا 807 كەس بەهۆی مین و تەقەمەنی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە كە 57 لەسەدیان بەهۆی دەستكاریی راستەوخۆی مینەوە بووە.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی كەمئەندامانی هەڵەبجەش كە رێكخراوێكی مەدەنی قازانج نەویستە و بۆ خزمەتی كەمئەندامانی شارەكە دامەزراوە نزیكەی پێنج هەزار كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسنووری پارێزگاكەدا بوونی هەیە كە زۆرینەیان بەكاریگەری مین و تەقەمەنییەكان كەمئەندام بوون و زیاتر لە دوو هەزار و 200 كەسیش لەو ژمارەیە لەوانەن كە دەست یان قاچیان لەدەستداوە، لەئێستاشدا 283 كێڵگەی بەمین چێنراو لە 75 گوندی سنووری پارێزگاكە ماوە و لەئێستاشدا كاری پاكسازی لە 34 كێلگەی مینی دیكەدا دەكرێت .
ئەو منداڵەی لەشارۆچكەی سیروان (10 كیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای هەڵەبجە) بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنیەكەوە گیانی لەدەستداوە، ناوی میهران كامل عەبدوڵڵایە و تەمەنی 10 ساڵە و قوتابی پۆلی چوارەمی بنەرەتییە لە قوتابخانەی رەز لە سیروان، مامۆستایانی قوتابخانەكەی كە بۆبەشداریی لەپرسەی قوتابیەكەیان لەنزیك قوتابخانەكەیان وەستا بوون، بەحەسرەتەوە بوون بۆ ئەو كارەساتەی روویدا بوو، بۆیە لافیتەی دڵگرانیان بەدیواری قوتابخانەكەیاندا هەڵواسیبوو.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەزی بنەرەتی لەشارۆچكەی سیروان هێمن حەمەساڵح بۆ ئەنادۆڵۆ گوتی: "میهران نموونەی قوتابی زیرەك و جێگەی شانازی هەموو مامۆستاكانی بوو، ئەو تا ئەمساڵ و پۆلی چوارەم هەموو ساڵێك یەكەمی پۆلەكەی بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بوونی تەقەمەنییەكانی پاشماوەی شەڕ لەم شارۆچكەیەدا ئەو قوتابییە ئازیزەمان لەدەستدا، ئێمە دڵگرانین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزانەكەیان دەكەین".
هەرچەندە تائێستا نەزانراوە ئەو پارچە تەقەمەنییەی بەو منداڵەدا تەقیوەتەوە چییە و چ جۆرە ماددەیەك بووە، بەڵام كەسوكاری منداڵەكە رایدەگەیەنن كە تائێستا پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جۆراوجۆری شەڕ و كارەساتەكان لەنێو شارۆچكەكەیاندا ماوە، بۆیە داواكارن حكوومەت هەوڵی جیدی بدات بۆ پاككردنەوەی كەلاوە و كۆڵانەكانی ئەو شارۆچكەیە، تا منداڵەكەی ئەوان دوا قوربانی شەڕبێت لەشارۆچكەكەیاندا.
پوری منداڵەكە لەنجە عەبدوڵڵا بەدەم فرمێسكەوە لەپرسەی میهراندا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە میهران، برازا تاقانەكەم بووە قوربانی كەمتەرخەمی حكوومەت لەئاست پاككردنەوەی كۆڵان و كەلاوەكانی شارۆچكەی سیروان لەپاشماوەكانی شەڕ و تەقەمەنیەكان، تكاكارین منداڵەكەی ئێمە ببێتە دوا قوربانی تەقەمەنییەكانی پاشماوەی شەڕ، با منداڵی كەسی دیكە نەبێتە قوربانی و جەرگی دایكێكی تر نەسووتێت".
سەرەڕای خواستی هاووڵاتییان بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی مینرێژكراو و مانەوەی پاشماوەكانی جەنگ لەبەشێك لەناوچەكاندا، بەڵام تائێستا دەزگایەكی تایبەتمەند بەم بوارە لەشارەكەدا نەكراوەتەوە و بڕیارە لەچوارچێوەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگای هەڵەبجەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەهەڵەبجە بكرێتەوە.
عەبدوڵڵا گوتیشی: "دایكی میهران ئێستا لەنەخۆشخانەیە و باری تەندروستی تێكچووە، بەهیوای هەواڵێكی سەلامەتی كوڕەكەیەتی، بێ ئاگایە لەوەی كوڕەكەی ئێستا لەژێرخاكدایە".