Zana Natık Kerem
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2018
ئەرزەڕۆم ــ AA
پارێزگای ئەرزەڕۆم رۆژهەڵاتی توركیا بە گرنگترین ناوچەی گەشتیاری وەرزی زستانە لە جیهاندا دادەنرێت و لە میانی ساڵی رابردوودا، 407 هەزار گەشتیار روویان لەو پارێزگایە كردووە.
بە درێژایی ساڵ، چالاكی جۆراوجۆری گەشتیاری لە پارێزگای ئەرزەڕۆم ساز دەكرێت كە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی تیایدا بەشداری دەكەن.
ئەو ناوچەیەی زیاتر لە شاری ئەرزەڕۆم سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە، ناوچەی پالاندۆكان (Palandöken) كە چالاكی جۆراوجۆری گەشتیاری تیایدا ساز دەكرێت بە تایبەتیش لە وەرزی زستاندا و چاوەڕوان دەكرێت لە میانی ئەمساڵدا، 600 هەزار گەشتیار روو لە ناوچەكە بكەن.
هەر لە میانی ئەمساڵدا، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران لە ئێران، رووسیا، جۆرجیا و ئۆكراینا لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆ روویان لە ناوچەی (Palandöken) كردووە كە ئەمەش بووەتە مایەی بوژاندنەوەی زیاتری كەرتی گەشتیاری پارێزگاکە.
لە ناوچەی پالاندۆكان تا كۆتایی ئەم مانگە، شوێنێكی تایبەتی خلیسكێنەی سەر بەفر دورست كرابوو بە مەبەستی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری گەشتیارانی ئێران لە پشووەكانی نەورۆزدا رووی تێ بكەن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری رۆشنبیری و گەشتیاری لە پارێزگای ئەرزەڕۆم، جەمال ئاڵماز بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە ژمارەی گەشتیاران بۆ شارەكە ساڵ دوای ساڵ روو لە زیادبوون دەکات.
جەمال ئاڵماز ئاماژەی بەوەشدا، بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران وا دەكات ئابووری نیشتمانی بەهێزتر بێت و باسی لەوشكرد كە لە میانی ساڵی 2016دا، 148 گەشتیار روویان لە ئەرەزڕۆم كردبوو و ئەو ژمارەیە لە میانی ساڵی رابردوو بۆ 407 هەزار گەشتیار بەرزبووەتەوە.
ئەو گوتیشی: "كەرتی گەشتیاری ئەرزەڕۆم بە بەرواورد بە ساڵانی رابردوو، زیاتر بووژاندنەوە بە خۆوە دەبینێت و ئامانجمانە لە میانی ئەمساڵدا، 600 هەزار گەشتیار روو لە شارەكە بكەن".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە هوتێلی چیای پالاندۆكان، وەلی توزاك رایگەیاند كە ئەرزەڕۆم بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری كە گەشتیاران رووی تێ دەكەن بە تایبەتیش گەشتیارانی ئێرانی.