Sami Sohta
19 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
کۆجائەلی ــ AA
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تورکیا، یۆرگن شۆلتز رایگەیاند، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان بەرلین و ئەنقەرەدا ھەیە کە بۆ سەدان ساڵ دەگەرێتەوە.
یۆرگن شۆلتز لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی وەبەرھێنان و ھاریکاریی تورکیا-ئەڵمانیا کە لە پارێزگای کۆجائەلی باکووری رۆژئاوای تورکیا بەڕێوەچوو رایگەیاند کە ئامانجی وڵاتەکەی دابینکردنی بوارەکانی پەیوەندیی ئاسان و خێرایە لەگەڵ دامەزراوە تورکییەکان، ھەروەھا لابردنی ئاستەنگەکانە لە بەردەم بارزگانانی ئەڵمانیا و تورکیا.
گوتیشی: "پارێزگای کۆجائەلی پێگەیەکی گرنگی ھەیە بۆ ئابووریی ئەڵمانیا و لێرە، زۆرێک لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کار دەکەن".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەڵمانیا و تورکیا، پەیوەندییەکی پتەویان ھەیە کە بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە و گوتی: "پەیوەندییە ئابوورییەکان گرنگترین لایەنەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووڵا پێکدەھێنن، بەو پێیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندووە و گەیشتووەتە ٤٠ ملیار یورۆ".
ژووری بارزگانی و پیشەسازیی ئەڵمانیا-تورکیا رایگەیاندووە کە ھەناردەکردنی تورکیا بۆ ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا بەڕێژەی سەدا ٢٢،٩ بەراورد بە ٢٠٢٠ زیادی کردووە گەیشتووەتە ١٧ ملیار و ٧٠٥ ملیۆن دۆلار، ئاڵوگۆڕی بارزگانیی نێوان ھەردوو وڵات گەیشتووەتە ٤١ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەیش ژمارەیەکی پێوانەییە.