ھەولێر
بۆ عەلی مورادی بیست و ھەشت ساڵ مردن لە پێناو پارێزگاریكردن لەو حوسێنییەی دەکەوێتە نزیک ماڵەکەیەوە لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک، شەھیدبوونە. ئەو گەنجە باڵا بەرزە ئەسمەرە بە ئونگوستیلە گەورە رەشەمەی دەستییەوە کە لەلای تەنیشتەکانییەوە "یا علی" نووسراوە، لهسهر ئهركهكهی سووره.
ئەو کڵاشینکۆفەی عەلی بەدەستییەوەی گرتبوو لەبەر دەرگای حوسێنییەکە، چەکێکی کۆن دیار بوو، بەڵام ئەو زوو زوو دەیگوت: "من ئامادەم تا دوا دڵۆپی خوێنم پارێزگاریی بکەم لە گیانی ئەو کەسانەی ھاتوچۆی ئێرە دەکەن، چونکە ئەو تیرۆریستانەی ئێستا بەناوی ئایینەوە هێرش دهكهنه سهر شوێنە پیرۆزەکان، خوا ناناسن و ماڵەکانی خواش بۆ ئەوان وەکو ھەر بینایەکی ئاسایی دیکەیە، ھیچ شتێك لای ئهوان پیرۆز نییە بۆچوونی تەکفیریی خۆیان نەبێ."
ئەو وێڕای پاسەوانێتیکردن، ھاوکات ئەو کەسانەش دەپشکنێ کە بیانەوێ بچنە ناو حوسێنییەی كه پاسهوانێتی لێ دهكا بە تایبەت ئەوانەی كه نەیانناسێ یان جانتایان پێ بێ.
عەلی نموونەی ئەو ھەزاران پۆلیس و ئەندامی ئاسایشەیە کە لە کەرکوک و عێراق بە گشتی لە پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانی ئایینی و مەزھەبە جیاوازەکان لە پاش رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٦ەوە دامەزرێنراون.
عەلی و ھاوشێوەکانی لە ھێزەکانی پۆلیس، ئێستا لەو ھێزه چەکدارانەن كه له لایهن شیعهكان بۆ پارێزگاریکردن لە پەرستگە و مەزارگەکان دروستكروان بە پاسەوانانی ماڵی خوا دەناسرێن کە ئەرکیان پارێزگاریکردنە لەو شوێنانە.
بۆ عێراقییەکان ٢٢ی شوباتی ٢٠٠٦ یەکێکە لە ناخۆشترین رۆژەکان بە درێژایی ساڵانی پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانییەوە، ئەو رۆژە بە تەقاندنەوەی مەزاری ھەر دوو ئیمامی عەسکەریی شیعەکان لە شاری سامەڕای پارێزگای سەڵاحەدین زەنگی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان سونە و شیعەکان بوو.
بەپێی راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) تەنھا لە یەکەم رۆژی ھێرشکردنە سەر مەزاری ئەو دوو ئیمامە شیعە، زیاتر لە ٢٠٠ مزگەوت ھێرشیان کراوەتە سەر و تێکدراون، جگە لە کوشتنی ٦٠٠ کەسی سونەمەزھەب، ١٥٠٠ خێزانیش بەو ھۆیەوە ئاوارە بوون، تا ساڵی ٢٠٠٨یش بههۆی ئهو رووداوه ژمارەی كوژراو و بریندار و ئاوا ھەڵکشان، لەو کاتانەوە پاسەوانێتی شوێنە پیرۆزەکان ئەوەی بە ماڵی خوا ناودەبرێن زیاتر بوو بە باو لەم وڵاتە.
پاش ھێرشەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و راگەیاندنی جەنگ لە دژی شیعەمەزھەبەکانی عێراق، ئێستا پاسەوانانی "ماڵی خوا" زۆر زیاتر بوون و ترس لە ھێرشەکانی داعش بە تایبەت بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکانی ناسونەمەزھەب زیاتر بوون.
ئیمامی جومعەی حوسێنییەی خەزعەل تمێمی لە کەرکوک شێخ رەعد سەخری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئاناۆدڵو دەڵێ ئەو ھێزەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە لایەن رەوتی سەدرییەوە لە رۆڵەی شیعەمەزھەبەکان پێکھێنرا و لەکەرکوکیش بەچەکی قورسەوە نمایشی سەربازیی ئەنجام دا، ئامادەی بەرگریکردنە لە شوێنە پیرۆزەکانی سەرجەم ئایین و مەزھەبەکانی عێراق بێ جیاوازی.
دەشڵێ كه "ئەو مەترسییەی لەسەر حوسێنییەیەکی شیعەکان ھەیە کە لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ھێرشی بکرێتە سەر، ھەمان ئەو مەترسییەیە کە لەسەر کڵێسایەک ھەیە، بۆیە دەبێ ئەو پەڕی ئاگایی خۆمان وەربگرین، چونکە گرووپە تیرۆریستییەکان جیاوازیی لەنێوان پەرستگە و شوێنە پرۆزەکان ناکەن."
قسەکانی شێخ رەعد سەخری کە عەمامەیەکی سپیی گەورەی لەسەر ناوە پاش رۆژێک لەبەشداریکردنی لەو نمایشە سەربازییەی رەوتی سەدر دێ لەکەرکوک کە تێیدا ھەزاران گەنجی خۆبەخش بە جلی سەربازییەوە دەرکەوتن و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ پاراستنی پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکان، ئەو ئیمامەش بە جلی سەربازییەوە لە پێشەوەی گەنجەکانەوە دەبینرا.
شێخ رەعد سەخری لەبارەی ھۆکاری ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکان لەلایەن گرووپە ئیسلامییە رادیکاڵەکانەوە دەڵێ كه پەرستگە و شوێنی پیرۆزی ھیچ ئایین یان مەزھەبێ نییە ئامانجی ئەوان نەبێ و گوتی: "ئەو گرووپانە وەکو ئیسرائیلییەکان وان، ئەمان پێیان وایە گەلی ھەڵبژێردراون لەلای خوا، ئەو گرووپانەش پێیان وایە تەنھا ئەوان لەسەر راستن و ئەوەی پێچەوانەیان بێ لادەرە، بۆیە ئیدی شوێنە پیرۆزەکانی دژەکانیشیان پارێزراو نییە."
بۆچوونیشی وایە ئەو تێکەڵییە لە ئایین و مەزھەبەکان لە عێراق وای کردووە ئەو گرووپانە "جورئەتی ھێرشکردنە" سەر پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانییان بکەن و گوتی: "ئەو گرووپانە چۆن جورئەتیان کرد دەستدرێژی بکەنە سەر قورئانی پیرۆز و مەزاری ھەردوو ئیمامی عەسکەری لە سامەڕا بتەقێننەوە، جورئەتیشیان ھەیە شوێنە پیرۆزەکان و ماڵی خواش وێران بکەن، ئەوان لە ئایین و ئیسلام لایان داوە."
بەھۆی بارودۆخی خراپی ئەمنییەوە لە عێراق جگە لە دامەزراوە رەسمییەکانی دەوڵەت، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی، بارەگا حزبییەکان و رێکخراوەکان، کۆمپانیاکان، پەرستگەکان و شوێنە پیرۆزەکانی مەزھەب و ئاینە جیاوازەکانی عێراق لە شاڵاوی رێکخراوە توندڕەوەکان پارێزراو نەبوون و نیین، دانانی پاسەوانیش بۆ مزگەوت و حوسێنییە و کڵێساکان یەکێکە لەو دیاردە سەیرانەی لە کەم وڵاتی ئیسلامی و نا ئیسلامیش پەیڕەو دەکرێ، دەکرێ بگوترێ عێراق لەوبارەیەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە بەوەی ھەر یەک لەو پهرستگه و شوێنه ئاینییانه نزیکەی دە پاسەوانیان ھەیە.
لە چەند رۆژی رابردوو بە سەدان ھەزار ھاوڵاتیی شیعەمەزھەب لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست و باکووریش نمایشی سەربازییان ئەنجام دا، ئهمهش پاش فەتوای چەندین مەرجەعی شیعی بە پێویستیی دژایەتیکردنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و پارێزگاریکردنی شوێنە پیرۆزەکان هات، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکۆماری ئێران بەرەسمی ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی ھێز بۆ پارێزگاریکردن لەو شوێنانەی بەلای شیعەکانەوە پیرۆزن دەربڕی و ئەوەش بە رووداوێکی بێ پێشینە دادەنرێ لە مێژووی وڵات.
سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و سەلامەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەحمەد عەسکەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێکخراوە تیرۆریستییەکان ھیچ جیاوازییەکی ئەوهتۆ لەنێوان شوێنە پیرۆزەکان ناکەن و دوور لە مەزھەب و ئایین و بۆچوونی خۆیانەوە، ھێرشیان دەکرێتە سەر و دەبنە ئامانج."
عەسکەری پێی وایە لە عێراقدا شتێک نەماوە بەناوی دامەزراوەی سەربازی، روونیشی دەکاتەوە كه لە مێژوودا چهندین جار شەڕی خوێناویی له نێوان سونە و شیعە ههڵگیرساوه، لەساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧یش ئەوە سەلمێنرا کە چەندین حوسێنییە و مزگەوتی یەکتریان تەقاندەوە، لەماوەی یازده ساڵی پاش رووخانی رژێمی بەعسیش ئەوە بەتەواوی روون بووەتەوە.
ههروهها گوتی: "عێراق لە حاڵەتی جەنگدایە و شتێک نەماوە بەناوی دامەزراوەی سەربازی، ئەوەشی وای کردووە مەترسی بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکان ھەبێ، لاوازیی دەوڵەتە، ھەر ئەوەش ھۆکاری ئەوەیە حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەنا بۆ دروستکردنی میلیشیا بەناوی پاراستنی ئەو شوێنانەوە ببەن، کە ئەمەش مەترسیی گەورەی ھەیە، بەتایبەت ئەو میلیشیایانە چەکی قورس نمایش دەکەن."
عەلی و ھاوشێوەکانی لە پاسەوانانی حوسێنییه و مزگهوتهكان دیار دەکەن لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی عێراق، بڵاوبوونەوەی بیری مەزھەبی و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان بۆ تەکفیرکردنی یەکتر و بوونی فەتواکانی شەڕانگێزی، ئەو دۆخەی بەرەو خراپتر بردووە و پێناچێ بەم ئاسانییە نوێژخوێنان و سەردانیکارانی شوێنە پیرۆزەکان لە عێراق بتوانن بە ئاسانی بچنە ئەو شوێنانە بۆ ئەنجامدانی پەرستنەکانییان.
news_share_descriptionsubscription_contact

