سلێمانی
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سلێمانی، لە سێ حەفتەی رابردوودا زیاتر لە شەش هەزار ماڵبات لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و نائارامیی لە ناوچەکانی خۆیان، روویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە.
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: لە هەر دوو دەڤەری چەمچەماڵ و کەلار، کەمپی تایبەت بە نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە دروست دەکەن.
کاربەدەستانی حکومیی دەڵێن: هاتنی بە لێشاوی ئەو عێراقییانە بۆ سلێمانی، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی و شوێنی نیشتەجێبوون.
عوسمان مستەفا بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " دوای سەرهەڵدانی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە لە پارێزگای موسڵ و تکریت کە تێیدا چەکدارانی داعش ئەو دوو پارێزگایەیان کۆنترۆڵ کرد، كۆچی دانیشتووانی ئەو شارانە بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و تائێستاش بەردەوامە. ڕۆژانە دەیان خێزان لە پارێزگاكانی عێراقەوە دەگەنە سنووری پارێزگای سلێمانی."
مستەفا روونیکردەوە، تائێستا زیاتر لە شەش هەزار خێزان گەیشتوونەتە ناوشاری سلێمانی و کەلار و چەمچەماڵ، بەشێكیان لەناو پارك و باخچەكاندا چادریان هەڵداوە و لەوێ دەمێننەوە.
لەو بارەیەوە گوتی: "هاتنی ئەو ژمارە زۆرە و هاوكاری نەكردنیان لە لایەن حكومەتی عێراق و ڕێكخراوە بیانییەكان، وایكردووە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی گەورەی نیشتەجێبوون و سوتەمەنی و گرانبوونی نرخی شمەک و كاڵا دروستبێ."
لە لایەکی دیکە، بەهرۆز محەمەد پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەو ئاوارانەی روویان لە دەڤەرەکەیان کردووە گوتی: "ئامادەكارییمان كردووە بۆ پێشوازیی ئەو خێزانانە و لە هەر دوو شاری كەلار و چەمچەماڵ، دوو كەمپی گەورەی تایبەتیان بۆ دروست دەكەین."
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تائێستا زیاتر لە سێ سەد هەزار کەس لە شارەکانی موسڵ و تکریت و بەشێک لە کەرکوک، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون لە دوای زاڵبوونی چەکدارانی داعش بەسەر ئەو ناوچانەدا.