هەڵەبجە - AA
دایکێک کە ٣١ ساڵە بەدوای منداڵە نۆ مانگەکەیدا دەگەڕێت، چەندین جار دەگری تا لەکۆتاییدا پێبکەنێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو چیرۆکی دایکێک بڵاو دەکاتەوە کە چەندین ساڵە منداڵەکەی لەدوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لێ ون دەبێت دواجار پێی دەگاتەوە و تەنیا بەبۆنکردنێکدا، کوڕە نۆ مانگانەکەی لە ٣١ ساڵیدا دەناسێتەوە.

خەلیل ساڵح ئەو منداڵەیە کە تەنیا تەمەنی نۆ مانگ دەبێت لەدایکە مەلیحە محەمەد ون دەبێت. ٣١ ساڵ دوور لە یەکدی، ژیان بەسەردەبەن.
چیرۆکی ٣١ ساڵ حەسرەتی گەیشتن بە کوڕەکەی، دایە مەلیحەی تەواو پیڕ کردووە، ئەو بەدرێژایی ئەو ساڵانە بەشوێن کوڕەکەیدا دەگەڕێت کە لەدوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرەو کرماشان هەڵدێن، لەوێش فڕۆکەکانی رژێمی بەعس تەنگیان پێ هەڵدەچنن، لەکاتی بۆردومانێکدا لە نزیک کرماشان ئەم کوڕەیان لێ ون دەبێت. لێرەوە چیرۆکی ٣١ ساڵ حەسرەتی کوڕو دایک دەست پێ دەکات.

دایە مەلیحە لەگەڵ گێڕانەوەی دوای هەڵاتنیانن لە هەڵەبجە لەکاتی کارەساتی کیمیابارانەکەدا ئاماژە بەوە دەکات بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەیەک کراون لەپاوە، دواتر بەرەو نەخۆشخانەی کرماشان براون، رۆژێک لەکاتی خۆشتندا لە گەرماوێک منداڵە نۆ مانگانەکەی دەداتە دەست کارمەندی گەرماوەکە تاکو ئاگای لێبێت، دوای ١٠ دەقە فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسی رووخاو کە ئەوکات لە جەنگێکی درێژخایەندابوو لەگەڵ ئێران، لەوێش دەست دەکات بە بۆردومان، کارەبای گەرماوەکە دەپچڕێت و شڵەژان تیایدا دروست دەبێت، لەوکاتەوە خەلیل و مەلیحە، دایک و کوڕ لەیەک دووردەکەونەوە.
بەدرێژای ئەو ٣٠ ساڵە مەلیحە بەدوای کوڕە نۆ مانگانەکەیدا دەگەڕێت، دەچنە چەندین ناوچە و ئۆردوگا لە کرماشان، بەڵام هەر کۆڵنادەن و دەچنە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە تاران، بەڵام لەوێش بێ ئومێد دەبن و دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. لێرەوە ناچار دەبن کە کوڕە نۆ مانگانەکەیان بە مردوو هەژمار بکەن.

دیوێکی تری ئەم چیرۆکە تراجیدیایە کە کۆتاییەکەی زۆرێک لە خێزانەکان و نەتەوەیەکی دڵخۆش کردووە، بەدووری هەزار کیلۆمەتر لە شاری قوم-ە لە ئێران.
بەخێوکەری خەلیل ساڵح ژنێکی خۆڕاگر و سەنگینە، ئەو بەدەم گریانەوە باس لەیەکەم شەوی گەیشتنی دەکات بە خەلیل-ی نۆ مانگ.
مەعسومە باسی لە دۆزینەوەی خەلیل دەکات و دەڵێت خەلیل لەلایەن هاوسەرکەمەوە (مەنوچەهر ئیسماعیلی) لە نەخۆشخانە دۆزرایەوە و گوتی: "هاوسەرەکەم سەرپەرشتیاری بریندارانی کیمیاباران بوو لە کەرتی تەندروستیدا کاری دەکرد، دوای ئەوەی خەلیل بێکەس دەمێنێتەوە، هاوسەرەکەم (مەنوچەهر ئیسماعیلی) دوو شەو ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتە دەبینێت و بە بەرپرسانی بنکە تەندروستیەکە دەڵێت، ئەو منداڵە بدەنە من تا باوک و دایکی دەدۆزرێتەوە لای ئێمە بمێنێتەوە، بەڵام ئەو (خەلیل) ٣١ ساڵ لای ئێمە مایەوە."
مەعسومە مەهدیپور ٧٠ ساڵ ئەو دایکەی خەلیلی بە نۆ مانگی هەڵگیرتبوویەوە، باسی ٣١ ساڵی خەلیل دەکات کە لای خۆی گلی داوەتەوە و بەخێوی کردووە، مەعسومە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من و دایکی خەلیل یەک هەستمان هەیە بەرامبەری، من زیاتر یادگاریم هەیە لەگەڵ خەلیل-دا تا دایکی، ئەو رۆژەی هێنامانە لای خۆمان، تابەیانی خەوی لێنەدەکەوت، هەر ئەو شەوە درێژە دواجار سەری خستە سەر سنگم و ئینجا خەوت، هەموو یادگاریەکانی خوێندن و منداڵیی ئەو و لەلای منە، کوڕێکی ترم هەبوو لەگەڵ ئەو یاری دەکرد، پێکەوە گەورەبوون، خەلیل هاوسەرگیری کرد، مارەکردنی خێزانی، منداڵ بوونیان، هەموو ئەمانە یادگاری خەلیل-ە لەگەڵ ئێمە کە هەرئەمەشە ئێمەیان لەگەڵ دایکی خەلیل کردە یەک کەسوکار، خەلیل کۆی کردووینەتەوە."
مەعسومە باس لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت هەموو خەڵکی کوردستانم خۆشدەوێت و دەڵێت ''ئەوکاتەی خەلیل-م دۆزیوەتەوە، شەوانە قورئانم دەخوێند بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، نوێژم بۆ کردوون و لە نزاکانم بێبەشم نەکردوون. چونکە ئەمانزانی چیان بەسەر هاتووە، خۆشمان شەڕمان بەسەرهاتبوو".
ئەم چیرۆکە درێژەی دەبێت تا لە تەمەنی ٢٤ ساڵی خەلیل ئەو راستیەی لێ دەشاردرێتەوە کە ئەو کوڕی خێزانێکی ترە، بەڵام لەکاتی نزیکبوونەوەی وادەی هاوسەرگیری خەلیل، باوکە بەخێوکەرەکەی راستییەکەی لا دەدرکێنێت و بەمەش خەلیل بە تەواوی دادەڕوخێت.
خەلیل لەدوای ئەوەی راستییەکەی بۆ دەردەکەوێت، بەردەوام بەدوای شوناسی خۆیدا وێڵ دەبێت، رووبەڕووی سەختی زۆر دەبێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی شوناسی خۆی بدۆزێتەوە. ئەو نموونەیەکی نیشاندانی وێرانکاری جەنگەکان و زوڵمی رژێمی بەعسی رووخاوە.
خەلیل کە ناوبەناو بەزۆر خۆی دەگرت تاکو نەگری، بەدەم هەنسکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: ''لە زانستی سایکۆلۆجیادا یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان، پرسیار لەبارەی شوناسە. ئەوە هەموو کاتێک بۆ منیش دەغدەغە بووە و لە رووی دەروونییەوە لە تەمەنی ٢٤ ساڵانەوە کە راستییەکانی مێژووی خۆم زانی دەستیپێکرد و ئەم رێگەیەم گرتە بەر و شکستێکی زۆرم خوارد و تووشی زۆر دەرگای داخراو بووم، بەڵام ئێستا دڵخۆشم کە رێگەیەک کراوەتەوە و دەتوانین پەیامی ئاشتی و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان بنێرین بۆ هەموو جیهان. ئەو پەیامە بۆ هەموو لایەنێکی دەبێ و هیوادارم من وەکو باڵیۆزی ئاشتی بتوانم خزمەتی باش بۆ سەلماندنی ئەم راستییە بکەم''.
خەلیل کە لە ئێران کۆلێژی یاسا تەواو دەکات و لە ناسمانەی ئێرانیدا ناوی محەمەد ئەمینە و ئێستا سەرقاڵی کاری پزیشکی دادوەرییە، لەدوای تەمەنی ٢٤ ساڵیی و زانینی هەندێک لە راستییەکانی ژیانی خۆی، بەردەوام سەردانی هەموو ناوچەکانی ئێران دەکات تا بەدوای ناسنامەی خۆیدا بگەڕێت، دواجار لە ساڵی پاردا و دوای ٣١ ساڵ لە کارەساتی کیمیاباران و دابڕانی لە کەسوکاری ساڵی پار لە ٢٢ی شوباتدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و چەند لێدوانێک بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان دەدات، دەربارەی چیرۆکی خۆی قسە دەکات. ئەو لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردساتان باس لەوە دەکات کە ئەو تەنیا چەند مانگێک تەمەنی بووە لەدوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە ئێران ون دەبێت و لەلایەن کەسێکی ترەوە بەخێو دەکرێت.
لەم نێوەندەدا دایە مەلیحە ئەم جۆرە لێدوان دەبینێت و پەیوەندی دەکات بە سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر و داوای لێدەکات کە یەکتربینینێکیان بۆ رێکبخەن لەگەڵ ئەو کەسە کە ناوی محەمەد ئەمین-ە لە ناسنامەی ئێرانیدا.
دوای مشتومڕێکی زۆر و سەرەڕای نەبوونی کاتی پێویست، دایە مەلیحە خۆی دەگەیەنێتە شارۆچکەی سەیدسادق تاکو لەوێ چاوی بکەوێت بەو کوڕەی کە لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە بینیوێتی و ئەم بە کوڕەکەی خۆی دەزانێت.
مەلیحەو خەلیل دوای ٣١ ساڵ لە دابڕان لە سەیدسادق چاوی بە خەلیل دەکەوێت و باوەشی پێدادەکات و هەردووکیان دەستدەکەن بەگریان. مەلیحە دەڵێت هەر کە چاوم پێی کەوت رەحمم بۆ جوڵا.
مەلیحە بەو جۆرە باس لە سەرەتای بینینەکە دەکات، ''ئەو رۆژە دایانە تەلەڤیزیۆن ناسیمەوە، گوتم ئەمە خەلیل-ی ئێمەیە، تەلەفۆنم کرد بۆ کاک لوقمان-ی کیمیاباران و پێم گوت ئەبێت بمبەی بۆلای خەلیل، ئەویش گوتی چۆنەزانی ئەوە خەلیل-ە؟ منیش گوتم وەڵا ئەوە خەلیلی منە. بەشێوەیەکەیا لە تەلەڤیزیۆن ناسیمەوە. ئیتر کە چووینە سەیدسادق بۆ ئەوەی چاومان پێبکەوێت، گوتیان کاتی نییە دەبێت بڕواتەوە بۆ ئێران، منیش تکای دنیام کرد کە ئەگەر بۆ یەک دەقەش بووبێت بهێڵن چاومپێی بکەوێت کە رۆیشتین هەر (خەلیل) دابەزی لە سەیارەکە باوەشی پیا کردم. گوتم خەلیل گیان گریانی ناوێت تۆ هەر خەلیلی منی."
پاش ئەم یەکتر بینینە، دادگای هەڵەبجە ئاگادار دەکرێتەوە و پشکنینی خوێن بۆ ئەو هاووڵاتیە ئێرانییە بەناوی محەمەد ئەمین دەکرێت، ئەویش بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەی ئەوەی کە ئەم کەسە کوڕی دایە مەلیحەیە. پشکنینەکانی خوێن بۆ DNA، رەوانەی بەریتانیا دەکرێت و پێیان رادەسپێرن کە دوای هەشت مانگ ئەنجامی ئەو پشکنینە دەگەڕێتەوە، ئەمان خۆیان پێناگیرێت و دەچنە تاران و لەوێ پشکنینی DNA دەکەن و پاش ٧٤ کاتژمێر ئەنجامەکە دەردەچێت و یەکانگیر دەبێتەوە و دەردەکەوێت کە محەمەد ئەمین-ی خاوەنی رەگەزنامەی ئێران، ئەو منداڵەی دایە مەلیحەیە بەناوی خەلیل ساڵح-ەوە کە پێش ٣١ ساڵ و لە نۆ مانگیدا لە دایە مەلیحە ون بووە. ئەم پشکنینە دەهێننەوە بۆ دادگای هەڵەبجە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە دادگا ئاراستەی ئەو نەخۆشخانەیەی نەکردوون، دادگا ئەنجامەکە قبوڵ ناکات و رەوانەی بەڵگەی تاوانی هەولێریان دەکەن. تاکو لەوێ پشکنینی خوێنیان بۆ بکەن و لەماوەی دوو مانگدا پشکنینەکە ئەنجامەکەی دەردەچێت.
لەسەر دەرئەنجامی ئەو پشکنینە، دادگای هەڵەبجە بڕیاری خۆی دەرکرد و تیایدا دەڵێت "بڕیار، داواکار خەلیل ساڵح محەمەد لە داوای ژمارە ٨٠٤ ش ٢٠١٩، لەم دادگایە بانگەشەی کرد کە داوا لەسەرکراو مەلیحە محەمەد رەشید دایکێتی و لەکاتی کارەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە منداڵ بووە و لە کەسوکارەکەی ونبووە. دایکی ناوبراویش بە مردوو لەقەڵەمی داوە و لە دادگای باری کەسێتی سلێمانی بەڵگەنامەی مردنی بە ژمارە ٢٥٣١ لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩دا بۆ دەرکردووە. بۆیە داواکار داوای کرد کە داوا لەسەرکراو بانگهێشتی دادبینی بکرێت و بەڵگەنامەی مردنەکەی پوچەڵ بکرێتەوە، چونکە زیندووە و لە ژیاندایە. دادگاش دوای وردبینی داواکە و بیستنی گوتەی داواکار و داوا لەسەرکراو و شایەتەکانی داواکار و کەسانی سێیەم بۆ روونکردنەوە و سەرنجدان لەسەر بەڵگە هاوپێچەکان وەک وێنەی تۆماری باری شارستانی لایەنەکانی داواکە و وەڵامی باری کەسێتی سلێمانی، بەشنامەی شەرعی، بەناوی ساڵح محەمەد، هاوکات پشکنینی DNA لایەنەکانی داواکە، دەرکەوت کە داواکار کوڕی داوا لەسەرکراو مەلیحە محەمەد رەشید و ساڵح محەمەدە و زیندووە. بۆیە دادگا بریاری دا بە پووچەڵکردنەوەی بەڵگەنامەی مردنی داواکار خەلیل ساڵح محەمەد، بەژمارە ٢٥٣١ کە لە دادگای باری کەسێتی سلێمانی دەرچووە.''
لە مەراسیمێکدا کە لە شاری هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە رێکخرابوو، بە ئامادەبوونی کەسوکاری لەگەڵ بەخێوکەرانی، خەلیل ساڵح لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق-ەوە رەگەزنامەی نوێی عێراقیی پێ درایەوەو بە کەسوکاری شادبوویەوە.
ئێستا خەلیل لەگەڵ دایکی بەیەک شادبوونەوە، وەک خەلیل ساڵح ئاماژەی پێدەکات لەئێستادا گرێی دەروونییەکانم لەسەدا ٦٠ی کراونەتەوە، بەڵام لەسەدا ٤٠ی کەوتۆتەوە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کاری پێویست بکات زەمینەسازی بکات بۆ ئاسانکاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ بەیەکگەیشتنەوەی ونبووەکانی تر.
news_share_descriptionsubscription_contact

