Hawkar Yaseen
25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2020
هەولێر - AA
کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەستیکردەوە بە کارکردن و بەرهەمهێنان و تەماتەی جووتیارانی دەشتی شارەزوور دەکاتە دۆشاو، کارگەی هەریریش ساڵی ئایندە لە بەرووبوومی خۆماڵی دۆشاو بەرهەمدێنێت.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە هەوڵمان ئەوەبوو ئەو کارگە ناوخۆییانەی کە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بەگەڕبخرێنەوە و ئێستا کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور کەوتەوە کار و بەرووبوومی جووتیارانی ناوخۆش بەکاردەهێنن، ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان یەکێک لە مەرجەکانمان بۆ ئەم جۆرە کارگانە ئەوەیە کە دەبێت لە مۆڵەتەکانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەکاربهێنن"
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "توێژینەوەمان لەسەر جۆرێک لە بنە تۆو کردووە کە ئەنجامەکەی دەریخست لە هەر چوار کیلۆ تەماتە کیلۆیەک دۆشاوی لێ بەرهەمدێت کە ئەمە بەرهەمێکی باشە و خواستی کارگەکانیش هەر ئەمە بوو، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ساڵی ئایندە هاوکاری جووتیاران بین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین کەدەتوانرێت لەکارگەکاندا بەرووبوومەکەی بەکاربهێندرێت"
دەربارەی ئەوەی میکانیزمی دابینکردنی بنەتۆوەکان بۆ جوتیاران چۆن دەبێت، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند "ئەگەر حکوومەت خۆی بنەتۆوەکانی بهێنایە و توێژینەوەی لەسەر بکرایە ئەوا دەیتوانی حکومەت خۆی دابینی بکات و مامەڵەی پێوە بکات بەڵام ئەوەی ئێستا توێژینەوەی لەسەر کراوە کۆمپانیایەک هێناویەتی بۆئەوەی بەکەمترین تێچوو بتوانێت زۆرترین دۆشاوی لێ بەرهەمبهێندرێت، ئێمە وەک وەزارەت توێژینەوەمان لەسەر کردووە هەم لەلایەن جووتیارە نموونەییەکان هەم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە پەسەند کراوە لەلای ئێمە تۆمارکراوە، بەپێی یاسا ئەو کۆمپانیایە مافی ئەوەی هەیە خۆی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بنەتۆوەکە بفرۆشێت بە جووتیاران بەڵام بەنرخێکی گونجاو کە جووتیار بتوانێت سودی لێ ببینێت و بەرهەمەکەشی بەپێی خواست و داواکاری کارگەکان بێت و لێی وەربگیرێت"
دەربارەی کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریریش کە بڕیاربوو دەست بەکارکردن بکەنەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند "لەگەڵ کارگەی دۆشاوی هەریریش چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە، ئەوان دەستیانکرد بەکڕینەوەی تەماتەی جووتیاران بەڵام بڕەکەی کەمبوو چونکە ئەوانیش دیارە بیر لە رێژەی قازانجی کارگەکە و بڕی تێچووی بەرهەمهێنان دەکەنەوە لە بەرامبەر ئەو بەرهەمە هاوردانەی دێتە ناو بازارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ساڵی ئایندە لە ئێستاوە بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ جووتیاران و پێدانی بنەتۆو پێیان کە خۆیان دەیانەوێت جووتیاران دایبچینن ئامادەن کاربکەن، لە ئێستاوە لەگەڵ ئێمە لەپەیوەندیدان کە کارگەکە بە تەواوی سەرپێ بخەنەوە"
گوتیشی "یەکێک لە مەرجەکانی کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ئەوەبوو کە ئەگەر تەماتەی ناوخۆ نەبوو رێگەیان پێبدەین لە دەرەوە هاوردەی بکەن، ئێمە نەچووینە ژێرباری ئەو داواکارییە، بەڵام پێمان گوتوون ئەوان هەر بنەتۆوێک بهێنن کە بۆ کارگەکە گونجاوبێت ئێمە بۆیان تۆماردەکەین و لە ئەنجامدانی گرێبەستیش لەگەڵ جووتیاران هاوکاریان دەبین، دیارە ئەوانیش ئەم بەدەمەوە هاتنەیان پێ باشە"
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە پێویستە جووتیاران هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ کارگەکان واژۆ بکەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەکانەوە، ئەو بنەتۆوەی کارگەکان دەیهێنن و داوای دەکەن ئەوە دابچینن بۆئەوەی بەرهەمێکی لێ بەرهەمبێت بەدڵی ئەوانبێت و بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاو بەپێی خواست و داواکاری ئەوان گونجاوبێت"
گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت ئەو کارگانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەگەڕبخرێنەوە، بەرهەمی ناوخۆ پەرەپێبدەین و بەرهەمێکی تەندروست و پاک بە کوالێتییەکی بەرز بخرێتە بازارەوە بەڵام ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە، هەم هەماهەنگی جووتیاران و کارگەکان پێکەوە، هەم پاڵپشتیکردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە کارگەکان و جووتیاران تاوەکو بتوانن بەهەموو لایەک هەم رێژەی بەرهەمێکی باش کە پێداویستی بازار پڕبکاتەوە دابین بکەن بیخەنە بازارەوە و لەبەرامبەردا حکومەت باج بخاتە سەر بەرهەمی هاوردە کە لەرووی کوالێتییەوە چەندین پرسیاری لەسەرە"
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند "بەشێک لە کارگەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست کاربکەن لەبەرئەوەی لە بازاردا نەیانتوانیوە کێبڕکێی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکەن ، بەرهەمی هاوردە لە وڵاتانی دیکە کەلێی بەرهەمدێت پاڵپشتی زۆریان دەکرێت بەڵام لای ئێمە ئەو پاڵپشتییە ئەتوانم بڵێم هەر نییە بۆیە لە بازاردا نرخییان لە بەرهەمی هاوردە زیاترە و هاوڵاتیش زیاتر خواستی لەسەر بەرهەمێکە نرخی کەمبێت و هەرزانبێت، هەرچەند بەرهەمە ناوخۆیەکە کوالێتیشی باشتربێت بەڵام کە نرخی گرانتربوو لە بازار خواستی زۆر لەسەرنابێت"
بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونکردنەوەی لەسەر دەنگۆ و هەڵمەتێکی میدیایی پێشتردا کە لەبەرمبەری گیرایە بەر و گوتی: "من بەهیچ شێوەیەک نەموتووە تەماتەی هەرێمی کوردستان بۆ دۆشاو نابێت، ئەمە هێرشێکی ناڕەوابوو لەدژی من ئەنجامدرا، قسەی من نەبوو قسەی کارگەکان بوو، ئەگینا من لە ماڵی خۆمدا دۆشاوم لە تەماتەی کوردی دروستکردووە ، لەبەر ئەوەی من یان هەرکەسێک کە لەماڵی خۆی تەماتە دەکاتە دۆشاو بیر لە قازانجی ماددی ناکاتەوە بیر لەوە ناکاتەوە قازانجی لێ بکات و بیفرۆشێتەوە، ئەگەر چەند سندوقێک تەماتەش بکڕێت و چەند کیلۆیەک دۆشاوی لێ بەرهەمبێت بەلایەوە ئاساییە چونکە بۆ ماڵی خۆیەتی بەڵام کارگەیەک کە تەماتە وەردەگرێت بۆ قازانج وەریدەگرێت، ئەمە خوێندنەوەی کارگەکانە نەک من وەک وەزیری کشتوکاڵ، ئەگینا منیش دەزانم باو و باپیرانمان لە دێرزەمانەوە تەماتەی کوردییان بۆ دۆشاو بەکارهێناوە و بەرهەمێکی جوانیشی لێ بەرهەمهاتووە"