Muhammet Ali Kemal
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2016
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی تازه‌خورماتوو دکتۆر ئه‌حمه‌د حه‌یده‌ر له روونکردنه‌وه‌یه‌کیدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند: ''به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه هێرشێکی کیمیاوییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوو رۆژ به‌سه‌ر هێرشه‌که‌دا تێپه‌ڕیوه به‌ڵام خه‌ڵک هێشتا ناڕه‌حه‌ته و به‌لێشاو روو له نه‌خۆشخانه‌که ده‌که‌ن. پێم وایه کاریگه‌ریی هێرشه‌که تا چه‌ند رۆژێکی دیکه به‌رده‌وام ده‌بێت''.
دکتۆر ئه‌حمه‌د حه‌یده‌ر سه‌باره‌ت به کاریگه‌رییه‌کانی بۆمبه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه کرد ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌که‌ی ئه‌وانیان کردووه به‌شێکیان تووشی هه‌ستیاریی پێست، سووربوونه‌وه‌ی چاو و ناڕه‌حه‌تی له سیستمی هه‌ناسه‌داندا بوون و رایگه‌یاند: ''هه‌موو ئه‌م نیشانانه په‌یوه‌ندییان به نزیکیی هاووڵاتییه‌که، له شوێنی که‌وتنه خواره‌وه‌ی بۆمبه‌که هه‌یه. چه‌ند له شوێنی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌که‌وه نزیک بووبن، ئه‌وه‌نده کاریگه‌ریی زیاتریان که‌وتووه‌ته سه‌ر''.
ئه‌و دکتۆره له‌باره‌ی ئه‌و رێ وشوێنانه‌ی که پێویسته بگیرێنه‌به‌ر له‌حاڵه‌تی له‌وجۆره‌دا، رایگه‌یاند: ''پێش هه‌موو شتێک پێویسته 100 بۆ 200 مه‌تر له‌و شوێنه دوور بکه‌وێته‌وه که بۆمبه‌که‌ی لێ ته‌قیوه‌ته‌وه، ده‌ستنه‌دان له هیچ شتێک له‌و ناوچه‌یه، داکه‌ندنی ئه‌و جلانه‌ی له‌به‌ریه‌تی، چوونه شوێنی به‌رز و حه‌مامکردن بۆ ماوه‌ی 5 بۆ 10 خولەک بێ پچڕان''.
یه‌كێک له‌وانه‌ی کاریگه‌ریی گازه‌که‌ی که‌وتووه‌ته سه‌ر شۆفێری ئامبولانسی نه‌خۆشخانه‌ی تازخورماتوو سه‌ڵاح ده‌وڵه‌ته، ئه‌و له روونکردنه‌وه‌یه‌کدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند: ''من هیچ کێشه‌یه‌کی ته‌ندروستیم نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له شوێنی که‌وتنه خواره‌وه و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌که‌وه دوور بووم به‌ڵام به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی زۆری نه‌خۆشه‌کانه‌وه، منیش تووشی ناڕه‌حه‌تیی بووم''.