azad muhammad
04 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
بەرپرسى هێڵى هەولێر – کەرکووک، یاسین عەبدوڵڵا جەلیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە بەربەستەکانى رێگاى نێوان هەولێر – کەرکووک دەکات و دەڵێت "بەربەستى سەرەکى ئەوەیە رێگاى نێوان هەولێر – کەرکووک داخراوە، بە ناچارى دەبێت لە هەولێڕەوە بۆ کۆیە و تەقتەق و لەوێشەوە بۆ ناحیەی شوان و پاشان بۆ کەرکووک بچن، ئەمە لە پاڵ ئەوەى رێگاکە تەسک و دوور و درێژە، تێچووەکەیشی لەسەر هاووڵاتییان دوو هێندە زیادى کردووە".
پێشتر لە تێرمیناڵى کەرکووک لە شارى هەولێر ژمارەى تاکسییەکان ٥٥ تاکسى بوو و رۆژانە نزیکەى ٤٠ تاکسى هەڵدەستان بە گواستنەوەى هاووڵاتییان لە نێوان هەولێر و کەرکووک، بەڵام دواى ١٦ تشرینى یەکەم و شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرکووک ژمارەى تاکسییەکان کەمیکردووەتەوە و رۆژانە تەنها ١٠ تاکسى ئیش دەکەن.
بەرپرسى هێڵى هەولێر – کەرکووک ئاماژەى بە کەمبوونەوەى هاتوچۆى هاووڵاتییان کرد لە نێوان هەولێر و کەرکووک و گوتى: "رێژەى هاتوچۆى هاووڵاتییان بەو رێگایە رۆژ دواى رۆژ کەمدەکاتەوە و تا ئێستا بە رێژەى ٧٥ لە سەدى کەمیکردووە، ئەمەیش بەهۆى بوونى ژمارەیەکى زۆر لە چەکدار لەسەر رێگاکان. ئەو رێژە کەمەى دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک بۆ کارى پێویست دەچن و بە کاتێکى کەم دەگەڕێنەوە هەولێر یان سلێمانى".
لە تێرمیناڵى کەرکووک لە شارى هەولێر هاووڵاتى کەرکووک بە رێژەیەکى کەم دەبیندرێن، ئەوەى لە تێرمیناڵیشدابێت ناتوانێت باس لە رەوشى رێگاکانى نێوان کەرکووک - هەولێر بکات، وەک خۆیان ئاماژەى پێدەدەن ترسیان لە حەشدى شەعبى هەیە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەى توندیان لە بەرامبەردا بکەن.