سێواس
لە شاری سێواس دوو برا و خوشكێك كە دووانیان بەھۆی نەخۆشی لە تەمەنی شەش مانگی و یەكێكیان بە زگماكی نابینا بوون، بەختەوەرییان لە ژیاندا دەبێتە نموونە.
حەسەن، ئەمرە و ئەدانوور زۆربەی كاتیان لەگەڵ دایكیان، کە گەورەترین پاڵپشتیانە، بەسەر دەبەن و رێگا نادەن ھیچ كۆسپێك خۆشیی ژیانیان لێ تێك بدا.
ھەر سێ، كە ھاوچارەنووسی ھۆزانڤانی تورک عاشق وەیسەلن، زۆربەی كاتیان بە گۆرانی گوتن بەسەر دەبەن و گۆرانی بووەتە خەمڕەوێنیان. ھەر یەكەیان لانیکەم ئامێرێکی میوزیك دەژەنێ.
لە پێش ھەڵبژاردنەكانی 12ی حوزەیرانی 2011 گۆرانیەكیان بۆ سەرۆكوەزیران ئەردۆغان بە ناوی "غار بدەن تەیب ھاتەوە" ئامادە كردووە و دەیانەوێ بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆی بچڕن.
برای گەورەكەیان، حەسەنی 26 ساڵە، چاوەكانی بەھۆی نەخۆشیی ھەورکردنی پەردەکانی مێشکەوە لەدەست داوە. دەرچووی قوتابخانەی ئامادەیی سێواسە و خوازیارە كارێک بدۆزێتەوە. حەسەن زۆربەی كاتەكەی لە ماڵ لەگەڵ برا و خوشكەكەی بە چڕینی گۆرانی بەسەر دەبات و دەڵێ " من عاشق وەیسەل و گۆرانییەكانیم زۆر خۆش دەوێن، ئەو بە سەرمەشقی خۆم دەزانم."
خوشكەكەیان، ئەدانووری 17 ساڵە، دەرچووی قوتابخانەی ئامادەیی ھونەرە جوانەكان و وەرزشییە، چاوەكانی لە زگماكییەوە نابینن، دەڵێ "من لە ماڵ لەگەڵ براكانم كاتێكی خۆش بەسەر دەبەم، ھەر لە تەمبوور دەدەم و گۆرانی دەڵێم. راستە دنیا نابینین بەڵام دەستەكانمان دەبینن، بەھۆی دەست لێدانەوە ھەموو شتێ دەزانین و بە دەنگیش دەیانناسین."