Salim Xemexan
16 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2017
ھەڵەبجە - AA
مەراسیمەکە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەبەپرسان و ھاوڵاتیان بەڕێوەچوو و تیایدا روفاتەکان سەرلەنوێ بەخاک سپێردرانەوە، دوای بەخاک سپاردنیشیان وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنحفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەحمودحاجی ساڵح بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم روفاتانە و گەلێک روفاتی تر، ھی ساڵی ١٩٨٨ن و زۆرینەی شەھیدانی کیمیاباران لەسنووری ئەم گوندی عەنەبدا بوون، دیارە کاتی خۆی کە کۆمەڵکوژکراون بەکۆمەڵ نێژراون، لەو ماوەیەدا کە کار کراوە روفاتی ئەو قوربانیانە دەرکەوتوون، بۆیە ئێمەش کاری پێویستمان بۆھەڵدانەوەی ئەو روفاتانە کردووە و دوای دەرھێنانەوەیان براونەتە پزیشکی دادوەری و سامپڵی ئێسکیان وەرگیراوە بۆئەوەی لەداھاتوودا بەراوردی سامپلەکان بکرێت بۆناسینەوەیان".
گوتیشی: "تائێستا نەناسراونەتەوە و کەسیش نەھاتووە خۆی وەک خاوەنیان بناسێنێت، ھەرچەندە روفاتەکانیش پێچراوە بوون".
مەحمود حاجی ساڵح روونکردنەوەی زیاتری داو گوتی: "ئەم روفاتانە سەروەتی نیشتیمانی و ئەرشیفی نەتەوەیەکن، لەرووی یاساییەوە لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەجینۆساید ناسێنراون، بەڵام لەرووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە، کاریگەریی گەورە لەسەر بەنێودەوڵەتی کردنی کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد دروست دەکات".
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر کە ئامادەی مەراسیمی بەخاکسپاردنەوەی روفاتەکان بوو بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی گەورەیی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەوە ئەو ھاووڵاتیانەی ھەستاون بەکۆکردنەوەی روفاتی قوربانییەکانی کیمیابارانی ھەڵەبجە نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی شیاو قوربانییەکان بەخاک بسپێرن، بەڵکو بەشێوەی کۆمەڵ و بەدەستەجەمعی نێژراون، بۆیە ناوبەناو لێرەو لەوێ روفاتی قوربانییەکان بەم شێوەیە دەردەکەون و ئێمەش دوای دەرھێنانەوەیان بەشێوەیەکی شایستە بەخاکیان دەسپێرینەوە".
گوتیشی: "ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ئێمە لەھەڵەبجە ٥٣ گۆڕی بەکۆمەڵمان ھەیە و حەوت گۆڕیشمان ھەڵداوەتەوە، دیارە ئەم دوو روفاتەش کە ئێستا بەخاک سپێردرانەوە لەساڵی رابردووەوە رەزامەندیی دادگامان بۆھەڵدانەوەی گۆڕەکانیان وەرگرتووە و ئەمڕۆش دوای ئەنجامدانی کاری پێویست بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەبەرپرسانی حکوومی سەرلەنوێ بەخاک سپێردرانەوە".
عەبدولقادر راشیگەیاند: "ئێستاش ژمارەیەکی تر لەقوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە کە کاتی خۆی لەشوێنە گشتیەکاندا کراون بەژێر خاکەوە بەنمونە لەمزگەوتەکاندا، بۆیە بەھۆی کارکردنەوە پێویستیان بەھەڵدانەوە ھەیە بۆیە سەرلەنوێ بۆھەریەکە لەو گۆڕانەش رەزامەندیی دادگامان پێویستە، بەڵام بۆھەڵدانەوەی گۆڕەکان خۆشبەختانە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بەگۆڕەبەکۆمەڵەکانی کردووەتەوە و لەمەودوا بۆھەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە پێویستمان بەحکوومەتی عێراقی نابێت".