Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ ــ AA
رێكخراوی مانگی سووری توركی یەكێكە لەو دەستە بەهاناچووانەی توركیا كە هەر لە سەرەتاوە دەستی یارمەتی بۆ ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی رۆهینگیا درێژكردووە و یارمەتییەكی زۆری مرۆیی پێشكەش بەو پەنابەرانە كردووە.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی پەنابەرانی موسڵمانانی رۆهنیگیا، مانگی سووری توركی یارمەتی مرۆیی لە خۆراك، دەرمان، خیوەت و جلوبەرگی رەوانەی موسڵمانانی رۆهینگیا كردووە وێرای دووری مەودای رێگەی نێوان توركیا و بەنگلادیش.
یارمەتییەكانی مانگی سووری توركی بۆ موسڵمانانی رۆهینگیا لە سەرەتای قەیرانەكە لە پێنج ساڵی رابردوودا لە ساڵی ٢٠١٢ دەستی پێ كرد بە تایبەتیش كە دوای ئەوەی لە ٢٥ی مانگی ئابی ئەمساڵدا، موسڵمانانی رۆهینگیا لە هەرێمی ئاراكان رۆژئاوای میانمار بەرەو بەنگلادیش ئاوارە بوون.
تا ئێستا تیمەكانی مانگی سووری توركی لە بەنگلادیش، ١٣ هەزار و ٤٢٧ كارتۆنی خۆراك بە شێوەیەكی خێرا، ١٩ هەزار و ٧٣٣ كارتۆنی خۆراك بۆ كەمدەرامەتەكان، ١٦ هەزار و ١٥٥ كارتۆنی پاككردنەوە، پێنج هەزار بەتانییان رەوانەی موسڵمانانی رۆهینگیا كردووە كە ئەو پێداویستییانە بۆ هەر خێزانێك بەشی مانگێكی تەواو دەكات.
دوایین پڕۆسەی یارمەتییەكانی مانگی سووری توركی بۆ موسڵمانانی رۆهینگیا لە ناوچەی بۆرما بارا لە بەنگلادیش بوو کە تیمەكانی مانگی سووری توركی لە یەك رۆژدا، ٦٠٠ كارتۆنی خۆراك و ٦٠٠ كارتۆنی پاككردنەوە پێشكەشی موسڵمانانی رۆهینگیا كردبوو.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری پرۆسەكانی بەهاناچوون لە مانگی سووری توركی، ئەحمەد ئەربیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە یەك رۆژدا، تیمەكانی ریكخراوەكەمان دەستی یارمەتی بۆ هەزار ئاوارەی موسڵمانانی رۆهینگیا درێژ دەكەن".
ئەحمەد ئەربیل گوتیشی: "دابەشكردنی یارمەتییەكان بەسەر پەنابەرانی رۆهینگیا بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری نێودەوڵەتی و خاچی سووری نێودەوڵەتی، هەروەها مانگی سوور لە بەنگلادیش دەبێت و لە ئێستادا ئێمە یارمەتی مرۆیی پێشكەش بە هەزار خێزانی موسڵمانانی رۆهینگیا دەكەین".
بە پێی ئامارە فەرمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاكامی ئەو كۆمەڵكوژی و تاوانانەی سوپای میانمار و بوزییە رەگەزپەرستەكان، ٨٢٦ هەزار موسڵمانی رۆهینگیا لە هەرێمی ئاراكانەوە ئاوارەی بەنگلادیش بوون.