12 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2020
دهۆک - AA
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، زیاتر لە ١١ ھەزار پشکنین ئەنجامدراون و لەو ژمارەیەش تەنھا ١٩ حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار کراوە. ئەوانیش ھەموویان چاکبوونەتەوە و ئێستا ھیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نەماون.
بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، حەمزە رەزیکی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تا ئێستا،١١ ھەزار و ٤٧١ پشکنین لە سنووری پارێزگای دھۆک بۆ گومانلێکراوان و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات ھاتوونەتەوە ئەنجامدراون. لەو پشکنینانە ١٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون. ئەوانیش لە دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای دھۆک، ئێستا چاکبوونەتەوە".
حەمزە رەزیکی گوتیشی: "ئێستاش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی دھۆک بەردەوامە لە گەڕان بە دوای گومانلێکراوان و بەپێی دوایین ئامار ئێستا، ٥٨٠ کەس لە سنووری پارێزگای دھۆک لە ١٧ شوێنی جیاواز کەرەنتین کراون. تا ئێستاش سێ ھەزار و ١٩١ کەس لەوەتەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکە لە کەرەنتین دەرھاتوون".
بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، حەمزە رەزیکی هەروەها گوتی: "نەبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک بەمانای ئەوە نایەت کە مەترسی ڤایرۆسەکە تەواوبووە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک بەردەوامە لەسەر رێکارەکانی خۆپارێزی و ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان".
ھەرلەمبارەیەوە پزیشکی نەخۆشییەکانیی دڵ و ھەناو، دکتۆر شەھرام عەزیز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناتوانین بڵێین کە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا نە لە دھۆک و نە لە ھیچ شوێنێکی دیکە نەماوە، تاکو ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە لەسەرتاسەری جیھان دەدۆزرێتەوە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی سەرجەم تووشبووانی کۆرۆنا لە دھۆک چارەسەرکراون، پێویستە ھاووڵاتییان بەردەوام بن لەسەر رێککارەکانی خۆپارێزی".
دکتور شەھرام عەزیز لە بارەی ئەو ئاسانکاریانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاووڵاتییان دەیکات لەدوای کەمبوونەوەی مەترسی کۆرۆنا گوتی: "ھەرچەند ئاسانکاریەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دابن، بەڵام دەبێت ئەو ئاسانکاریانە ھەندێ پێوەری ھەبێت و تا رادەیەکی دیاریکراوبن، ھاوکات دەبێت حکوومەت گرنگییەکی ئێجگار زۆر بە سنوورەکان بدات بو ئەوەی دووبارە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو نەبێتەوە".