Ekip
17 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
دهۆک - AA
دوای راگەیاندنی سووککردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 ) لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک-ەوە، بازاڕی شارەکە، دووبارە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی و لەئێستادا، جموجۆڵێکی زۆری پێوە دیارە.

خەڵکی شاری دھۆک و دووکاندار و خاوەن پیشەکان زۆر دڵخوشن بەوەی کە دوای ماوەیەکی زۆر دووبارە ژیانی ئاسایی گەڕاوەتەوە شارەکەیان و بازاڕ بەتەواوی کراوەتەوە و هاووڵاتییان تا درەنگانی شەو لەناو بازاڕ و لەسەر شەقامەکاندا، دەمێننەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام رێنمایی ئەوە بە ھاووڵاتییان دەدەن کە بەردەوام بن لەسەر رێنمایەکانی خۆپارێزی، چونکە وێرای ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دھۆک نەماوە، بەڵام مەترسییەکەی تا ئێستاش بەتەواوی کۆتایی نەھاتووە.

ھاووڵاتی کوردی خەڵکی سووریا، خەلیل عەبدولرەحمان حەسەن کە لە بازاڕی شاری دھۆک کاری دروستکردنی شیرینەمەنی سووری دەکات بو ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "دوای بڕیارەکانی ژووری ئوپەراسیونی پارێزگای دھۆک قەرەباڵغیێکی زۆر کەوتووتە بازاڕەوە و خەڵک زۆر دڵخۆشن کە دووبارە ژیان لەناو بازاڕدا، ئاساییبووتەوە و دەبێت ئێمە کە دێینە بازاڕ خۆمان بپارێزین و دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنین".

ھەر لەسەر ھەمان بابەت ھاووڵاتی شاری دھۆک، جەلال حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە کاتێکی زۆرە چاوەڕاونی ئەم رۆژە بووین کە بازاڕ بکرێتەوە و ژیان ئاسایی ببێتەوە، چونکە ئێمەی خەڵکی دھۆک لە کاتی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر پابەندبووین بە رێنمەیەکانی حکوومەت و رێنمایەکانی تەندروستیی کە ئێستا ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند و ژیان خەریکە بەتەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە و ئێمە زۆر دڵخۆشین".
دوا تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 ) لە دهۆک رۆژی ٢٦ی نیسان راگەیەندرا و لە ئێستادا هیچ تووشبوویەک لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە نەماونەتەوە و هەر بۆیەش ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان ئاسوودەتر بازاڕ بکەن و کەمبوونەوەی مەترسییەکانیش بووە هۆی ئەوە کە کارگێری پارێزگای دھۆک و ژووری ئوپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک بیر لەوە بکەنەوە کە قۆناغ بە قۆناغ ژیانیان ئاسایی ببێتەوە.

ئەو دۆخە لە کاتێکدایە کە شەوانی رەمەزانی دهۆک، شەقامەکان و بازاڕ زیاتر لە رابردوو قەرەباڵغ دەبن. خەڵک بە دەم چا خواردنەوە و گەڕان بە نێو شەقامەکاندا، تا پارشیو وەخەبەر دەمێننەوە.
ئەگەرچی شوێنە گەشتیارییەکانیش تا رادەیەک بە رووی خەڵکدا کراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەک جاران هاتنی گەشتیار بۆ ناوچەکە ئاسایی نەبۆتەوە، ئەوەش پەیوەندی هەم بە دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە کە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان قەدەغەیە و هەم دۆخی ناوچەیی و جیهانی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا باڵی بەسەر کەرتە گەشتیارییەکەی داکێشاوە و جموجۆڵی گەشتیاریی وەستاندووە.

لە ئێستادا بەپێی دوایین بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک جگە لە چەند شوێنێکی دیاریکراو، سەرجەم دووکان و شوێنەکانی کارکردن بە چێشتخانە و چایخانەکانیشەوە دەتوانن ٢٤ کاتژمێر کراوەبن.
لە پارێزگای دھۆک بەڕێژەیەکی زۆر ژیان ئاسایی بووەتەووە و زۆربەی شوێنەکان کراوەن و ھاتوچۆش لەناو شار و لەنێوان قەزا و ناحیەکان ئاسایی بووەتەوە، تەنها چەند شوێنێک ماون کە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک بڕیاری کردنەوەیان نەداوە، لەوانەش، ھوڵەکانی ئاهەنگگێڕان و پرسەدانان، سەنتەرەکانی مەساج ، شوێنەکانی مەی خواردنەوە، سەرشۆر و مەلەوانگەکان.