Fevzi Kemal Karagöz
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
ئادیامان- AA
پڕۆژەی دۆزینەوە و زیادکردنی هەنگی خۆماڵیی کە لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوەی میوە توێکڵدارەکانەوە بەڕێوەدەچێت نزیکبووەتەوە لە کۆتایی.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ناساندنی هەنگی خۆماڵیی ئادیامان لەڕووی تایبەتمەندی فیسیۆلۆجی و هەڵکەوتویی" هەنگە تایبەتەکانی ئادیامان دەست نیشان و تۆمار دەکرێن.
بەڕێوبەری پڕۆژەکە و یاریدەدەری بەڕێوبەری پەیمانگای لێکۆڵینەوەی میوە توێکڵدارەکان، ئاتیللا ئۆزتۆکماک لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە پڕۆژەکە ساڵی رابردوو لەلایەن وەزارەتی دارستان و کشتوکاڵی تورکیاوە پەسەند کراوە و خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بوودجەی پڕۆژەکە ١٤٨ هەزار لیرەی تورکییە.
ئاتیللا ئۆزتۆکماک گوتی: "لەم پڕۆژەیەدا کارمان لەسەر هەموو شارۆچکەکانی ئادیامان کردووە. هەنگە خۆماڵییەکانی ئادیامان-مان دەست نیشان کرد و لە هاووڵاتیینمان کڕییەوە. دوای گەڕان و پشکنین لە پێنج شارۆچکە، هەنگی خۆماڵییمان دەست نیشان کرد و هەنگەکانمان هێنا بۆ دارستانی نزیک پەیمانگاکەمان. نموونەی هەنگەکانیشمان ناردووە بۆ زانکۆی حەڕان بەشی کشتوکاڵ تا لێکۆڵینەوە لەسەر هەڵکەوتەی هەنگەکان بکرێت".

-"هەنگە خۆماڵییەکان دەناسێندرێن".
ئاتیللا ئۆزتۆکماک ئەوەشی خستەڕوو کە پشکنینی توانای پێوەدان، پاکوخاوێنی، توانای فڕین و پێوانەی شوێنی گەراکانی بۆ هەنگەکان کردووە و گوتی: "دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە راپۆرتێک ئامادە دەکەین. ئەگەر پڕۆژەکەمان بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی ئەم پشکنین و بەدواداچوونانە لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند بکرێت، ئەوا هەنگی خۆماڵی ئادیامان لە هەموو تورکیا دەناسێندرێت. لەم پڕۆژەیەدا ئامانجمان پەرەدانە بە هەنگی خۆماڵیی و پاشان بەرهەمهێنانی هەنگی شاژنە. لە پلانماندایە کە ئەو جۆرە هەنگی شاژنە سەرەتا لە ئادیامان دواتر لە هەموو هەرێمی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو بفرۆشین".

ئەندازیاری کشتوکاڵ، ئۆزنور چاغلەر کە لە پڕۆژەکەدا کار دەکات رایگەیاند کە ئومێدی بە پڕۆژەکە هەیە و ئامانجیانە کار بکەن بۆ زیادکردنی بەخێوکردنی هەنگە خۆماڵییەکان.