Hemn Baban
26 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2018
هەولێر - AA
سەفین دزەیی دەڵێت بەغدا هێشتا وەڵامی پێشنیازەكەی حكوومەتی هەرێمی نەداوەتەوە لەبارەی رەوانەكردنی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمەوە.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند بەردەوامییان هەیە، بەڵام هەنگاوی كردەیی لە لایەن بەغداوە نانرێت.
سەفین دزەیی گوتی: "ماوەیەكە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دانوستان لەسەر ئاستی جیاجیا هەیە، لەماوەی مانگێكدا سێجار سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەغدا، داڤۆس و میونخ چاوپێكەوتنییان هەبووە و رێككەوتوون ئەو لێژنانەی كە پێكهاتوون كارەكانییان بەردەوام بێت".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "دەبیستین بە بەردەوامی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە كردەییدا هیچ نەبووە، تەنها ئەوە نەبێت لیژنەكان پێكهاتوون و هاتوون وردبینییان لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كردووە بەتایبەت هەردوو وەزارەتی پەرورەدە و تەندروستی كە كارەكانییان تەواوبووە و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت بە بڕیاری خۆیان كە لە سەرەتا دابوویان كە هەركاتێك كارەكان تەواوببن مووچەی ئەو وەزارەتانە بدرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە".
سەفین دزەیی سەبارەت بە بەردەوامیی گفتوگۆكانیش رەخنەی لە بەغدا گرت و گوتی: "گفتوگۆكان لە ئاستی جیاجیا بەردەوامن، هەروەها چەندین دیدار و كۆبوونەوە هەبووە، هیوادارین لە رێگەی دیالۆگ بتوانیین كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام تا ئێستا كۆبوونەوە و دیالۆگ هەبووە، لەڕووی كردەیی تا ئێستا بەغدا هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە".
لەبارەی جددیەتی حكوومەتی عێراق لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كە لەدوای 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 ئەو پەیوەندییانە لەق بوون و كەوتنە باری ئاڵۆزییەوە، سەفین دزەیی پێی وایە "ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە بەرژەوەندیی هەردوولایە، چی لەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستا عێراق پیایدا تێدەپەڕێت و ئەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستانیش، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمایەك بێت، دەستووریش باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بۆ ئەوەی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان چی لەڕووی داراییەوە بێت یان لەڕووی یاسایی و ئیدارییەوە پێشێل نەكرێت".
سەبارەت بەو قسانەی لێرە و لەوێ سەبارەت بە كێشەی نەوت وەكو كێشەی سەرەكی و رێگر لەبەردەم تەواوكردنی گفتوگۆكان و بەردەوامییان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی هەیە، سەفین دزەیی دەڵێت "بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات و ئەو نەوتەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا بوو كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرالییە و ناتوانێت ئەو 350 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانەی هەناردەی دەرەوەی بكات هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆرییە نەوتەكەی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت و ئەو نەوتە لەبری عێراق هەناردەی بكات و عێراق خۆی سەرپشك بێت لە رێگەی سۆمۆوە ئەو نەوتەی خۆی بنێرێت و بفرۆشێت و پارەكەشی بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی عێراق، ئەو كاتە هەرێمی كوردستانیش لێی سوودمەند دەبێت، بەڵام هێشتا بەغدا وەڵامی ئەو پێشنیازەی نەداوەتەوە".
دەربارەی ئەوەشی ئایا حكوومەتی هەرێم ئامادەی ئەوەیە دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكات، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە كرد كە ئامادەی گفتوگۆن لەسەر دۆسیەی نەوت و گوتی: "لەگەڵ بەغدا ئامادەی گفتوگۆیین لەسەر دۆسیەی نەوت، دەبێت گفتوگۆ لەسەر بنەمایەك بێت، چونكە ئەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەم دەهێنن جیاوازە لەوەی عێراق، شێوازی گرێبەستەكان جیاوازن و پێویستە ئەو كۆمپانیایانە شایستە داراییەكانی خۆیان وەربگرن، بۆیە پێویستە گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە".