Zana Natık Kerem
03 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2024
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خشتەی بوودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ی پەسەند کرد.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی ئەنجامدراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ١٩٩یان ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بوون.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، خشتەی بوودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤، خرایە دەنگدانەوە و پەسەند کراوە.
ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا خشتەی یاسای بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٤ی پەسەند کرد کە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تیایدا کراوە.
ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق، یاسای بوودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد کە قەبارەکەی بۆ ھەر ساڵێک ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە، بەڵام ١٣ تریلیۆن دینار بۆ بوودجەی ٢٠٢٤ زیاد کراوە.
کۆی گشتی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی عێراق، ٢١١ تریلیۆن و ٨٦١ ملیار و ٣١٢ ملیۆن و ٥٠٤ ھەزار دینارە و کۆی گشتی داھاتەکەشی ١٤٧ تریلیۆن و ٨٣٦ ملیار و ٦٥٥ ملیۆن و ٨٨٩ دینارە.
ھاوکات کۆی گشتی خەرجییەکانی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ٢١١ تریلین و ٨٠٠ ملیار دینارە، لە کاتێکدا خەرجیی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ١٩٨ تریلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار بوو.
ھەروەھا بڕی کورتھێنان لە بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٤، بە ٦٣ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا بڕی کورتھێنان لە بوودجەی گشتی ساڵی ڕابردوو، ٦٤ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بوو.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٤ی عێراقدا، بە ٢٠ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار جیگیر کراوە و مانگانە نزیکەی ٩٦٥ ملیار دینار بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە.