Zana Natık Kerem
24 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2018
واشنتۆن ــ AA
بانک ئۆف ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بە ھۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بە سەر ئێراند، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا لە میانی ساڵی ٢٠١٩دا، بەرزببێتەوە.
لە راپۆرتێکدا کە لە لایەن بانک ئۆف ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدراوە، گەڕی دووەمی سزاکان کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی داھاتوو بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیھاندا کەم دەبێتەوە کە بە ھۆیەوە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە.
بانکەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر بە ھۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا کەم دەبێتەوە و بە ھۆیەوە نرخی نەوت دەگاتە ٨٠ دۆلار.
دوێنێ یەکشەممە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە جەزائر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رایانگەیاند کە نەوتی زیاتر ناخەنە بازاڕاوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە شەشی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمریکا گەڕی دووەمی سزاکان تایبەت بە پیشەسازی و نەوت بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمەش دوای گەڕی یەکەمی سزا ئابوورییەکان لە شەشی مانگی ئابی رابردوو بەسەردا سەپاندبوو.
بەپێی راپۆرتەکەی بانک ئۆف ئەمریکا، گەڕی دووەمی سزاکان کاریگەری لەسەر بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی ئێران دەبێت و لەوباریەوە ئاماژە بەوەدراوە کە پێشبینی دەکرێت بە ھۆی گەڕی دووەمی سزاکانی ئەمریکا، بەرھەمھێنانی خاوی ئێران یەک میلۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم ببێتەوە.