Heman Hussein Yaseen
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
بە مەبەستی خستنەڕووی ووردەکارییەکانی کردنەوەی سیانزەهەمین پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر لە کەرتی بازرگانی، رێکخەرانی پیشانگاکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای IFP-عێراق بۆ رێکخستنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، جۆرج خوری گوتی: "لەم پێشانگایەدا، ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن ئەوانیش عێراق، تورکیا، ئێران، فەڕەنسا، چیک، کوێت، قەتەر، ھیندستان، لوبنان، سریلانکا، ئۆکراینا، کەنەدا، چین، پۆڵۆنیا، ئیمارات، سوید، میسر، سعوودیە، ئوردن، کینیا، ئەمەریکا و ھۆڵەندا کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەکرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت".
جۆرج خوری گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ ھاوکات دوو پێشانگای گرنگ دەکرێنەوە، یەکەمیان پڕۆجێکت عێراق کە پێشانگای بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ کەرتەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و کارەبایە، دووەمیشیان پێشانگای خۆراکی کشتوکاڵییە".
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای IFP-عێراق بۆ رێکخستنی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان راشیگەیاند کە پێشبینی دەکرێت ئەم پێشانگایە سەرنجی ژمارەیەکی زۆری پسپۆڕ و خاوەنکار و خاوەن پڕۆژە و بازرگانەکان لە ھەموو ناوچەکانی عێراق رابکێشێت و ئەمەیشی بە ھەنگاوێکی گرنگە وەسفکرد بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری ھەرێمی کوردستان.
جۆرج خوری لە بارەی وادەی کردنەوەی پێشانگاکە گوتی: "ئەم پێشانگایە لە رۆژی دووشەممە، ٣٠/٩/٢٠١٩ کاتژمێر ١١ی بەیانی دەکرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت کە جگە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان، بەشێکی زۆر لە کۆنسولخانەکان ئامادەدەبن کە پشتگیری کۆمپانیاکانی وڵاتەکانیان دەکەن".
هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کاوە سەعید باسی لەوەکرد کە سێ ھەزار کۆمپانیای خۆماڵی و ٩٠٠ کۆمپانیای بیانی لە کوردستان لە بواری ھاوردەکردن و ھەناردەکردن کاردەکەن و جەختی لەوەشکردەوە کە بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاریی و ئاسانکارییەکن بۆ کۆمپانیاکان.
دواتر ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان، شڤان عەبدولرەحمان رایگەیاند کە ٢٩ ھەزار کۆمپانیای خۆماڵی و چوار ھەزار کۆمپانیای بیانی لە ژوورە بازرگانییەکان تۆمارکراون.
هاوکات سەرپەرشتیاری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر گوتی: "ئەمساڵ بە گشتی ٢٢ پیشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر دەکرێنەوە و بەردەوام دەبین لە کردنەوەی پیشانگاکان بۆ ئەوەی کەرتی ئابووری گەشە بکات، ئەمساڵیش زیاتر لە دوو ھەزار و ٦٠٠ کۆمپانیا بەشداریان لە پیشانگاکاندا کردووە".