Rewa Mahmood Hasan
25 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2021
سلێمانی - AA
لە شاری سلێمانی چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی DBX بە بەشداری ١٦٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیی کرایەوە.
ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی و بەجێبەجێکردنی رێنمایە تەندروستییەکان، چواردەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی DBX بە بەشداری ١٦٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیی کرایەوە کە بڕیارە بۆماوەی شەش رۆژ بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە کۆمپانیای عێراق تەقەدوم، داستان خالید لەبارەی پێشانگاکەوە رایگەیاند "کۆمپانیاکەمان ساڵانە پێشانگای نێودەوڵەتیی DBX بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی و بەچاودێریی پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پیوەندیدارەکان دەکاتەوە".
داستان خالید ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیا بەشدارەکان لە بوارەکانی خۆراکی، بیناسازی، پەیوەندییەکان، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری، پاکەرەوە، کەلوپەلی جوانکاری، جلوبەرگ، پێداویستی ئۆتۆمبێل، بڵاوکراوە و چاپەمەنی، کتێب، تەندروستی، کارگەی لەقتونان، کارەبا و پێداویستی ناوماڵ کار دەکەن.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە کۆمپانیا بەشدارەکان لە هەشت وڵاتەوە هاتوون؛ ئێران، تورکیا، میسر، ئازەرباینجان، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، لوبنان، ئوردن، هەروەها کۆمپانیاکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق و بریکارنامەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا کە لە هەرێمی کوردستان وەکیلیان هەیە.