Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2019
هەولێر- AA
پێشانگایەکی تایبەت بە کەلوپەل و خواردن و کاری دەستی و جلوبەرگی میسری لە ھەولێر کرایەوە و ماوەی دە رۆژ بەردەوام دەبێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی تشرینی یەکەم، پێشانگایەکی تایبەت بە کەلوپەلی میسری لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر کرایەوە و ماوەی دە رۆژ دەخایەنێت کە تیایدا کەلوپەلی ناوماڵ، کاری دەستی، کوتاڵو مافوور و چەند شتومەکێکی دیکە نمایش کراوە.
سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات رایگەیاند کە کردنەوەی ئەم پێشانگایە کاریگەری ئەرێنیی لەسەر پەرەپێدانی بواری بازرگانی دەبێت و هیوایشی خواست پێشانگاکان بەردەوام بن و وڵاتانی دیکەش زیاتر بەشداری ئەم جۆرە پێشانگایە بکەن.
ئەمساڵ دووەمین پێشانگای وڵاتی میسر لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەکرێتەوە کە تیایدا کەلوپەلی تایبەت بە وڵاتەکەیان نمایش دەکەن و هاوکات ئەمساڵ شەشەمین ساڵی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگایەیە کە بە فەرمی وڵاتی میسر لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەیکاتەوە.