Ramal Abdullah Mahmood
22 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
ئەنقەرە – AA
دوای ئەوەی سزای ئابووری و سیاسیی ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە خرایە سەر قەتەر، بەرهەمی تورکی جۆراوجۆر بەتایبەت خواردەمەنی هەناردەی قەتەر کران.
هەناردەکردنی بەرهەمی تورکی لە دەستپێکی سزادانەکانەوە لە مانگی حوزەیران بەبەراوورد لەگەڵ مانگی پێشووتر بە رێژەی لەسەدا ٥١.٥ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٥٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار.
دوای سەپاندنی سزاکان بەسەر قەتەردا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و تورکیا بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییە بازرگانییەکان زۆر بە خێرایی گەشەیان سەند. لەم ماوەیەی دواییدا تورکیا و قەتەر لە سەر ئاستی وەزیرەکان چەند کۆبوونەوەیەکی فەرمیان ئەنجام دا و ئەمەش کاریگەری ئەرێنی کردە سەر بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە ئەنجوومەنی هەناردەکردنی تورکیاوە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، هەناردەکردنی بەرهەمی تورکی لە دەستپێکی سزادانەکانەوە لە مانگی حوزەیران بەبەراوورد لەگەڵ مانگی پێشووتر بە رێژەی لەسەدا ٥١.٥ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٥٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار.
خواردەمەنییەکان لەسەرووی ئەو بەرهەمانە دێن، فرۆشتنی بەرهەمی میوە و سەوزەی تەڕ ٣٢.٥ هێندە زیادی کردووە و لە ٣٠ هەزار دۆلارەوە گەیشتووەتە ٩٧٥ هەزار دۆلار. بەرهەمی ئاوی و بەرهەمی ئاژەڵیش نزیکەی ١٠ هێندە زیادی کردووە و لە یەک ملیۆن و ٣٠٦ هەزار دۆلارەوە گەیشتووەتە ١٣ ملیۆن و شەش هەزار دۆلار. بەرهەمی پاقلەمەنی و دانەوێڵە ١.٧ هێندە زیادی کردووە و لە یەک ملیۆن و ٦٠١ هەزار دۆلارەوە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٦٦٢ هەزار دۆلار.