ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "ساڵی 2013 كاتێك وەزیری دەرەوە بووم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان چوومە نیویۆرك و ئەو كاتە دیدارێكم لەگەڵ فەتحوڵلا گولەن ئەنجامدا و پێم گوت لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ توركیا و ئەنجامدانی دیدار لە هەر كاتە ساتێكدا لەگەڵ ئێوە ئەوا شك و گۆمان لەسەر ئێوە نامێنێت".
هۆبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویكردەوە كە سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە كاتی رۆیشتنی بۆ ئەڵمانیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی داوەتەوە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران لە نێو ئاشتی و ئارامیدا ئەنجام بدرێ و ئەگەر بێتۆ هەر لایەنێك بییەوێت توندوتیژی یا نائارامی دروست بكات ئەوا ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێگەی پێ نادەین و ئەگەر بێتۆ دوای هەڵبژاردنیش پرسی مەشرووعیەت بكەوێتە رۆژەڤەوە بە بیانووی ئەوەی كە نەچوونە پەرلەمانەوە و ئەمەیش بێ وەڵام نابێت و یاسا و ریسای هەڵبژاردنەكان دیارە و هەركەسیش پێویستە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردندا بنێت.
داودئۆغڵو گوتی: "ئێمە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و بیروڕای خەڵك دەگرین بەڵام ئەگەر كەس و لایەنێك پێش هەڵبژاردن یا دوای هەڵبژاردن بییەوێت چەك وەكو ئامرازێك بۆ گوشار خستنە سەر بەكار بهێنێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك رێگای پێ نادەین. من پێم وایە قۆناغی چارەسەری كە خەڵك خاوەنداریەتی لێوە دەكات بە هۆی ناپاكی نیازی كەس یا لایەنێك راناوەستێت بۆیە نابێت كەس شك و گۆمانی لەسەر قۆناغی چارەسەری هەبێت. پێش ئەوەی ببم سەرۆكوەزیر و دواتریش سەردانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتم كردووە و بینیومە كە خەڵك متمانەی بە قۆناغەكە هەیە. بۆیە ئەو قۆناغە كە خەڵك خاوەنداریەتی دەكات بە سەركەوتوویی دەگاتە ئەنجام و سەرخستنی ئەركی ئێمەیە".
داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیاری سەرەڕای ئەوای داوای چەك دانان كرا بەڵام رێكخستن ( پەكەكە) چەكی دانەنا، داخۆ لەم قۆناغەدا ئوجەلان چۆن بیر دەكاتەوە و چی دەكات، پێشبینی ئێوە چییە؟ گوتی: "ئەمە شتێكە تایبەت بە پەیوەندییە ناوخۆییەكانی ئەوان".
هەر هەمان رۆژنامەنووس پرسی، ئایا ئوجەلانیش پشتگیری لەو هەنگاوانەی پەكەكە دەكات؟ داودئۆغڵو گوتی: "بانگەوازییەكەی ئیمراڵی ( ئوجەلان) روون و ئاشكرایە، من نامەوێت لەم چوارچێوەیەدا باس لە پەیوەندی ناوخۆیی ئەوان و كاریگەری ئەو پەیوەندییانە بكەم چونكە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەنجامە و ئاواتە خوازین لەو چوارچێوەیەدا زانابوون زاڵ دەبێت و دەگەینە ئەنجام و چۆنكە كاتی قسە كردن بە زمانی چەك تێپەڕیوە و كاتی بەكار هێنانی چەك وەكو كارتی گوشار بەسەر چووە".
داودئۆغڵو لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێك لە بارەی دیدارەكەی ساڵی 2013ی لەگەڵ فەتحوڵلا گولەندا گوتی: "ساڵی 2013 ئەو كاتە وەزیری دەرەوە بووم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان چوومە نیویۆرك و لەوێ لەگەڵ فەتحوڵڵا گولەن دیدارێكم ئەنجامدا، ئەو دیدارە دیدارێكی دوو قۆڵی بوو بۆیە ئەوانیش زۆر باش دەزانن چیمان گوتووە. بەڵام چۆنكە حەزیان لە تۆماركردنی هەر شتێكە، بێگۆمان ئەو دیدارەشیان تۆمار كردووە و با ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەن و چیمان گوتووە لەوێ روون و ئاشكرایە و هەموو شتێك لە چوارچێوەی یاسا و ریسای نەرمونیانیدا گوتراوە، كەس ئۆلتیماتۆمی بەكەس نەداوە، شتێكی بەو جۆرە نییە، ئەوەی ئەو كاتە بە نەفسیەتی ئەو رۆژە گوتوومانە روون و ئاشكرایە، داوامان كرد بگەڕێتەوە توركیا چۆنە ئەگەر بگەڕێتەوە توركیا كۆتایی بەو هەموو شتە دێت، دیدارێكی درێژخایەن بوو، خۆ تۆماریان كردووە با تۆمارەكان ئاشكرا بكەن، من لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئەو قسانەدا بوومە كە لەوێ پێشكەشم كردوونە و زۆر باش قسەم كردووە و لە هیچ شتێك ناترسێم، لەوێ من جەختم لەوە كردووە كە تاقە رێگای نەهێشتنی ئەو هەموو شك و گۆمانەی لەسەرتان، ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ توركیا و دەرگاكاندان بۆ دیالۆگ ودیدار كراوە بن".