Hemin Hüseyin
01 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
ماوەی چەند رۆژێکە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن لە میانی گەشتە ئاسمانییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە ئەم زیادبوونە پەیوەندی هەبێت بە گەمارۆکانی سەر ئێران و هێما بۆ کەمبوونەوەی کات دەکات و ئاشکرایشی دەکات کە چەندین جار کۆمپانیاکان بۆ ئەم مەبەستە داوایانکردووە، بەڵام عێراق توانای وەرگرتنی گەشتێکی زۆری ئاسمانیی نییە.
ماوەیەکە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبینرێت، ئەمەش دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردەوە کە رەنگە پەیوەندی بەو گەمارۆ ئابوورییەوە هەبێت کە هەفتەی داهاتوو، ئەمریکا بەسەر ئێران دەیسەپێنێت، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "زۆربوونی گەشتە ئاسمانیەکان بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر هێڵەکانی گەشتکردن بۆ وڵاتان، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن ئەوا نزیکەی یەک تا دوو کاتژمێر کاتی گەشتەکانییان کەم دەبێتەوە و ئەمەش بووەتە هۆکار کە ژمارەی گەشتەکان بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان زیاد بکات".
ئومێد محەمەد ساڵح گوتیشی: "چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی حکوومەتی عێراق کۆمپانیاکان داوایانکردووە کە زیاتر ئاسمانی عێراق بەکاربهێنن، بەڵام بە هۆی رێکخستن و ترافیکەوە، عێراق توانای وەرگرتنی رێژەیەکی زۆری نییە، چونکە هەموو ئەوانە پێویستی بە رێکخستن هەیە".
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رەنگە پەیوەندی بەو گەمارۆیە هەبێت کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە لایەن ئەمریکاوە بخرێتە سەر ئێران، ئومێد محەمەد ساڵح گوتی: "ئەمە پەیوەندی بەو گەمارۆیەوە نییە و تا ئێستاش تاوتوێی ئەم بابەتە نەکراوە".