Hemin Hüseyin
25 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2018
هەولێر- AA
دوای نزیکەی دە کاتژمێر لە کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کە بووەی ھۆی سووتانی ژمارەیەکی زۆر لە دوکانەکانی ئەو بازاڕە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.

یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان، هەلیکۆپتەر بۆ ئاگرکوژاندنەوەی ئاگر بەکاربێت، ئەمجارەشیان بە هۆی ئەوەی بازاڕەکە چوار دەوری قەڕەباڵغە و ئەمەش کێشەی هاتوچۆی بۆ ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە دروست کردبوو، بۆیە لە رێگای بەکارهێنانی چوار هێلیکۆپتەر، تواندرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازاندرێت و راشیدەگەیەنێت کە هیچ زەرەرێکی گیانی نەبووە تەنها زەرەری ماددی هەبووە.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شوێنێ ئاگرکەوتنەوەکە کەوتووەتە نێوان هەردوو شەقامی ١٠٠ مەتری و ٤٠ مەترییەوە کە لە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دوکان پێکدێت و کاتژمێر دەورووبەری سێ و نیوی ئەمشەو ئاگرکەوتنەوەی لێ رووداوە، هێشتا هۆکارەکە نازانین و دەبێت تیمەکان لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن".
نەبەر عەبدولحەمید راشیگەیاند، خۆشبەختانە زەرەری گیانی نەبووە و تەنها زەرەری ماددی هەبووە و گوتی: "قەرەبوو ناکرێنەوە، بەڵام هاوکاری دەکرێن لە رووی پاککردنەوەی شوێنەکان بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە و ئەوەی لەسەر ئێمە پێویست بێت بۆیان دەکەین، بەڵام قەرەبوو بە بڕیاری حکوومەت ماوەی چەند ساڵێک دەبێت راگیراوە".

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە گوایا شوێنی بازاڕی ئێستای لەنگە دەگوازرێتەوە بۆ جێگایەکی دیکە، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "لەئێستادا هیچ بڕیارێک نییە، هەر کاتێک بڕیارێکی وا هەبوو، ئەوا بە دڵنیاییەوە مافەکانیان پارێزراو دەبێت و شوێنی گونجاویان پێ دەدرێت".
خاوەن دوکان و فرۆشگەکان کەلوپەل و کاڵاکانی ناو دوکانەکانیان دەردەھێنن بۆ ئەوەی بەتەواوی نەسووتێن، بەڵام جگە لە ئاگرەکە، دووکەڵیش ببووە رێگربوو لەبەردەم ھاووڵاتییان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە.
ئاگرەکە لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوەڕاستی بازاڕی لەنگە ھەڵگیرسا و لە کۆی نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دوکان، نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ دوکان سووتاون.