Sarmand Hameed
22 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کرد جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند دەکرێت.
بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانی حکوومەتی فیدراڵی لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ سەبارەت بە دۆسییەکانی (بوودجە، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی) لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خراوهتهڕوو.
مهسرور بارزانی دەستخۆشی لە شاندەکە کردووه و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دووپات كردووهتهوه.
ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی کردووه بۆ خەرجکردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری راسپاردووه لە پەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی تا بە زووترین کات رێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی راسپاردووه لە دوای پشووەکانی سەری ساڵهوه، کۆبوونەوەکانیيان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی کە لە لایەن وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا مەحمود خراوهتهڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی داوه و بڕیاریش دراوه کە هەوڵەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، کە قوربانی دەستیی رژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە.
لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، عەبدولرەحمان سدیق، پلانی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق خستووهتهڕوو، ئەویش لە رێگەی جێبەجێکردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشکدارییە نیشتیمانییەکان کە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەکانی کەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و کەمیی رووبەری سەوزایی، لە راپۆرتەکەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی وڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووهوه و خاوێن و کشتوکاڵی کردنی زیرەک و هەمەچەشنکردنی ئابووری و بایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی و دامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرووشتیی و ریسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان.
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ پڕۆژە و پلان و هەوڵەکانیان ئاماژەی داوه بە مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری رێکاری پێویست لە لایەن وەزارەتەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەوانە دروستکردنی بەنداو و پۆند، زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و چەندین رێکاری دیکە.
ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیار و راسپاردەکانی دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پەسەند کردووه، لە ناویشیاندا کاراکردنەوە و گرنگیدان بە ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە ٣ له ساڵی ٢٠١٠ پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان کە پێویستە وەزارەتەکان لە رێگەی ئەو ئەنجوومەنە باڵایەوە هاوکاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەکە لە پاراستن و چاککردنی ژینگە بەتایبەتیش بابەتی کاریگەرييە زیانبەخشەکانی گۆڕانیی کەشوهەوا کە ئێستا بووەتە خەمێکی جیهانیی و کاریگەریی سیاسیی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینکە راسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی بدات.