Zana Natık Kerem,Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بە ھەمان توانای پێشتر، ھەناردەکردنی نەوتیان دەست پێکردووەتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە ھەناردەکردنی نەوتی خۆی کردووەتەوە بەھەمان توانای پێشتر".
چوارشەممەی رابردوو، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە لەنێو خاکی تورکیا کرایە ئامانج، بەو ھۆیەشەوە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت وەستابوو.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە ھەناردە دەکات و هەروەها ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی عێراقیش لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرێت.
بە پێی ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ، هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەم رۆژانە بە تێکڕا ٤٤٦ هەزار بەرمی نەوتی هەناردە کردووە و ئەوەش بەراورد بە مانگی پێشووتری واتە مانگی ئەیلوول ٤.٨ لەسەدا کەمتر بووە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە بێوار خنسی بە میدیا خۆجێییەکانی راگەیاندبوو کە، تەقاندنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، رۆژانە ١٠ ملیۆن دۆلار زیان لە ھەرێمی کوردستان دەدات.