Azat Muhammet
04 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2017
دهۆک - AA
ئەمڕۆ لە پارێزگاى دهۆک بە ئامادەبوونى پارێزگارى دهۆک و بەڕێوەبەر و بەرپرسانى تەندروستى پارێزگاى دهۆک و بە بەشدارى پزیشکانى شەش وڵات یەکەم رۆژى چوارەم کۆنفرانسى نێودەوڵەتى پزیشکى بەڕێوەچوو، لەبەر ئەوەى کۆنفرانسەکە تایبەتە بە پزیشکى منداڵان، بۆیە لە کۆنفرانسەکەدا بە گشتى تیشک خرایە سەر کێشە و گیروگرفتە تەندروستییەکانى منداڵان.
رێکخەرى گشتى چوارەم کۆنفرانسى نێودەوڵەتى پزیشکى، دکتۆر ئازاد مزورى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "مەبەستمان لە ئەنجامدانى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە دروستکردن و پتەوکردنى پەیوەندى نێوان پزیشکانى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ وڵاتانى دیکەى جیهان، بۆ ئەو مەبەستەش لەم کۆنفرانسەدا پزیشکانى پسپۆڕى شەش وڵات بەشدارن کە بیروبۆچوونى خۆیان بۆ پزیشکانى پارێزگاى دهۆک دەخەنەڕوو تاوەکو سوود لە ئەزموونى تەندروستى وەربگیرێت و، وڵاتانى وەک ئوستڕاڵیا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکى عەرەبیش لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن".
رێکخەرى کۆنفرانسەکە ئاماژەى بە گرنگى کۆنفرانسەکەدا و گوتى: "وێڕاى ئەوەی کە پەیوەندى نێوان پزیشکانى هەریم لەگەڵ وڵاتان بەهێز دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆى ئەوەى پەیوەندى نێوان پزیشکان لەناوخۆى هەرێمیشدا بەهێزتر بێت کە ئەمەیش شتێکى پێویست و گرنگە".
دکتۆر ئازاد مزورى دەڵێت "کێشە تەندروستییەکانى بەردەم منداڵان بە هەموو ئاستەکانیەوە گەنگەشەى قوڵى لەسەر دەکرێت لەم کۆنفرانسەدا هەروەها پزیشکانى وڵاتانى بەشدار لە چوارەم کۆنفرانس دوایین داهێنانەکان بۆ یەکترى دەخەینەڕوو، وەک چارەسەرکردنى نەخشییەکانى دڵ، خوێن و مێشک چەندین نەخۆشى دیکەى درێژخایەن و کورت خایەن".
رێکخەرى کۆنفرانسەکە ئاماژەى بەوەدا کە چوارەم کۆنفرانس لە کۆنفرانسەکانى ساڵانى پێشوو سەرکەوتووترە و چونکە وڵاتى زیاتر و بیرۆکەى پزیشکى زیاتر تێیدا بەشدارە و، گوتی: "ئاواتەخوازین ساڵانى داهاتوو پێشکەوتووتریش بێت".
لە کۆتاییدا لەبارەى هەڵەى پزیشکیش ناوبراو گوتى: "دەتوانین لەم کۆنفرانسەدا رێگاکانى کۆنتڕۆڵکردنى هەڵەى پزیشکى تاوتوێ بکەین و ئەمەیش خاڵێکى گرنگە و کارى لەسەر دەکەین".
چوارەم کۆنفرانسى نێودەوڵەتى پزیشکى بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لەو دوو رۆژەدا وێڕاى ئاڵوگۆڕى هزرى پزیشکى لە نێوان پزیشکانى کۆمەڵێک وڵات، بەردەوام لە رێگاى پێشانگاکان داهێنان و کەلوپەل و کەرستە تەندروستییەکانى بوارى منداڵ دەخرێنەڕوو.