Salih Bilici
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2015
بەگوتەی خاوەنی یەكێك لەو ئاشانە "مێژووی دروستكردنی تەحینی خوماڵی لە ئامێدی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە". هاووڵاتییان بو دەستكەوتنی ئەو تەحینە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان سەردانی قەزای ئامێدی دەكەن.
خاوەنی ئاشی ئاوی معاویە لە ئامێدی مستەفا جەمیل حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئاشی ئێمە زۆر كۆنە، مێژووی راستەقینەی دروستكردنی نازانین بەڵام زیاتر لە 500 ساڵە ئەم ئاشە دروست كراوە و لە بابوباپیرانمانەوە بۆمان ماوە و ئێمە درێژە بە كاری ئەوان دەدەین".
مستەفا جەمیل حەسەن گوتیشی: "دوو جۆر ئاشی دروستكردنی تەحین هەن هەندێكیان بە ئاو ئیش دەكەن و هەندێكیشیان بە كارەبا ئیش دەكەن. ئاشی ئێمە ئاوییە و زۆر ئەزیەت دەبینین تاكو تەحین بە ئاشی ئاو دروست دەكەین. چونكە بە زۆر قۆناغ دروست دەبێت و بۆ دروستكردنی تەحین پێویستمان بە سێ روژ هەیە".
مستەفا جەمیل حەسەن درێژەی بە گوتەكانی دا و زیاتر گوتی: "ئەگەر ئاوی زور هەبێت ئێمە دەتوانین رۆژانە سێ سەد تا پێنج سەد كیلۆی تەحین بەرهەم بهێنین و کڕیارەکانمان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان سەردانمان دەكەن".
یەكێك لە کڕیارانی تەحین كە لە ناوچەی بارزان هاتووەتە ئاشی ئاو لە قەزای ئامێدی بەناوی سەردار فایەق بارزانی بو ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە لە ناوچەی بارزان ماوەیەكی زۆرە دێین بۆ کڕینی تەحین و ئەم ئاشە ناوبانگێكی گەورەی هەیە و بابوباپیرانیشمان سەرەدانی ئێرەیان كردووە و ئەو تەحینەی لەم ئاشانە بەرهەم دێت تایبەتمەندی خۆی هەیە چونكە تەحینی خۆماڵییە و ئاشەكە بە ئاو ئیش دەكات بۆیە تامێكی تایبەتیشی هەیە".
لە قەزای ئامێدی تەنها دوو ئاش هەن كە بە ئاو ئیش دەكەن و تەحینی خۆماڵی بەرهەم دەهێنن و هەر یەك لەو ئاشانە رۆژانە نزیكەی سێ سەد تا پێنج سەد كیلۆی تەحین بەرهەم دەهێنێت. بەهای هەر کیلۆیەک لەو تەحینە دەهزار بۆ پانزە هزار دیناری عێراقییە و ئەمە بەراورد بەو تەحینەی كە بە ئاشی كارەبا دروست دەكرێت بەهای هەر كیلۆیەك چوار هەزار بۆ پێنچ هزار دیناری عێراقییە.