Rewan Neheli
24 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2016
دهۆک
ئێوارەی ئەمرۆ لە گەڕەکى پێشانگاکانى شارى دهۆک، باڵەخانەیەک داڕما و بەو هۆیەوە دوو کرێکار گیانیان لە دەستدا.
سەرۆکى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان عیسا نسرى بە ئاژانسى ئانادۆلۆى گوت: "ئێوارەی ئەمرۆ لە کاتى کارکردن لە باڵەخانەیەک لە گەڕەکى پێشانگاکانى دهۆک کە لە نهوومى سێیەم بوو، باڵەخانەکە داڕما و بەو هۆیەوە دوو کرێکار گیانیان لە دەستداوە و 13 کەسیش برینداربوون".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو دوو کرێکارەی گیانیان لە دەستدا خەڵکی شاری قامیشلۆن بەناوەکانی رێوان سلێمان تەمەن ٢٤ ساڵ و مەسعود حەمید تەمەن ٣١ ساڵ".
سەبارەت بە رەوشی تەندروستی بریندارەکان،عیسا نسرى گوتی: "بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بریندارەکان رەوانەى نەخوشخانەى فریاکەوتنی دهۆک کران".
سەرۆکى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان عیسا نسرى ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر لێژنەیەکى ئەندازیارى هەبێت پێش ئەوەى باڵەخانەکان بگەنە قۆناغی کۆنکرێت کردن پشکنین و بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو کارە ئەوە ئەم جۆرە رووداوانە روونادەن".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، عیسا نسرى گوتى: "ئێمە هوکارەکە نازانین، بەڵام داواى پێکهێنانى لێژنەیەکى پسپور دەکەین بۆ ئەوەى هۆکاری رووداوەکە دیارى بکرێت و کەسانى کەمتەرخەم لەم رووداوە سزا بدرێت".
سەرۆکى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان عیسا نسرى ئاماژە بەوەشکرد کە ئەو کرێکارانەى لەو رووداوە برینداربوونە رەگەزنامەیان جیاوازە، کوردى ئاوارەى سووریشیان تێدایە.