Osman Bilgin
19 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
دیاربەکر - AA
رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ١هەمین فێستیڤاڵی شووتی لە دیاربەکر ساز دەکرێت.
گەورەشارەوانیی دیاربەکر، بەردەوامە لەسەر هەڵمەتەکانی کە بەمەبەستی ناساندنی بەها مێژوویی و کولتوورییەکانی شارەکە دەستی پێ کردووە.
بەمەبەستی ناساندنی شووتی دیاربەکر کە نیشانەیەکی ناوچەکەیە و لە کۆندا بە حوشتر گواستراوەتە و بە شمشێر لەت کراوە، بە هەماهەنگیی پارێزگار و گەورەشارەوانیی دیاربەکر ١٢هەمین فێستیڤاڵی شووتی ساز دەکرێت، بۆ ئەوەشی هاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی بەشداری تێدا بکەن فێستیڤاڵەکە لە مەیدانی داغکاپی بەڕێوەدەچێت.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بەڕێپێوانێک کە کاتژمێر ١٥:٣٠ لە کەچی بورجەوەوە بۆ مەیدانی داغکاپی ساز دەکرێت، دەست پێ دەکات.
لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، پێشبڕکێی خواردنی شووتی لەنێوان خوێندکاراندا سازدەکرێت و پێشبڕکێی خلکردنەوەی شووتیش بۆ منداڵانی ٥-٧ ساڵان ساز دەکرێت.
هاوکات لە فێستیڤاڵەکەدا، بەرهەمی کاری دەستی فێرخوازانی کۆرسەکانی هونەر و پیشەیی گەورە شارەوانیی دیاربەکر نمایش دەکرێت.
گەورەترین شووتی کە لەلایەن جووتیارانەوە بەرهەمهێنراوە، دەهێندرێتە بەردەم لیژنەی ناوبژیوانان و هەڵدەبژێردرێت.
گەورە شارەوانیی دیاربەکر، خەڵاتی ١٠ هەزار لیرەی تورکی و یەک لیرەی ئاڵتون دەبەخشێتە براوەی یەکەم، حەوت هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکی و نیو لیرە بۆ براوەی دووەم و پێنج هەزار و چارەکە لیرەیەکیش بۆ براوەی سێیەم.
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا یارییە نەریتییەکان ئەنجام دەدرێت و کێبڕکێی جوانترین وێنەی منداڵان سازدەکرێت لە ناو شووتیدا.
براوەی گشت کێبڕکێکانی ناو فێستیڤاڵەکە، خەڵاتیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
هەروەها لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا کاتژمێر ١٩:٣٠ لە هایپۆردرۆمی دیاربەکردا راکردنی تایبەتی شووتی دیاربەکر ساز دەکرێت.
دوای پێشبڕکێکان نمایشی باندۆ ساز دەکرێت و کاتژمێر ٢٠:٠٠ هونەرمەندان فەرهاد ئونگوت و مانشو بابا دەچنە سەر شانۆ.