Ramal Mahmood
05 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
- پارێزگای ئاگری رۆژهەڵاتی تورکیا کە بە ئاژەڵداری بەناوبانگە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان گڕوتینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و ١٤٠ هەزار سەر مەڕوماڵات و رەشەوڵاخ بەمەبەستی فرۆشتن رەوانەی بازاڕی پارێزگاکانی دیکە کراوە.
- بەڕێوەبەری بەروبووم و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پارێزگای ئاگری: "بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان داهاتی پارێزگاکەمان بۆ ئەمساڵ نزیکەی، ٥٠٠ ملیۆن لیرە دەبێت".
پارێزگای ئاگری رۆژهەڵاتی تورکیا کە بە ئاژەڵداری بەناوبانگە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان گڕوتینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و ١٤٠ هەزار سەر مەڕوماڵات و رەشەوڵاخ بەمەبەستی فرۆشتن رەوانەی بازاڕی پارێزگاکانی دیکە کراوە.
ئاژەڵدارانی ئاگری دڵخۆشن بەوەی کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان بازاڕیان گەرموگوڕە و بۆیان بۆتە دوو جەژن. ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەرهەمەکانیان بە مەبەستی فرۆشتن رەوانەی پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا دەکەن.
دوای پشکنینی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەروبووم و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پارێزگای ئاگرییەوە، ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان بەمەبەستی فرۆشتن بە بارهەڵگر دەگوازنەوە پارێزگاکانی رۆژئاوا، بە تایبەت پارێزگاکانی ئەنقەرە، بورسا، ئیستانبوڵ، کۆجائەلی و ئیزمیر.
بەڕێوەبەری بەروبووم و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پارێزگای ئاگری، کەنعان ئەنگین بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە سەدا ٨٠ی خەڵکی ناوچەکە بژێویان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری-یە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵاتی ئاگری گەرمترین بازاڕی کرین و فرۆشتنی مەڕوماڵاتە لە تورکیا و گوتی: "ئاگری بە نزیکەی ٣٢٠ ھەزار سەر رەشەوڵاخ لەسەر ئاستی ناوچەکە لە پلەی چوارەم دایە لەسەر ئاستی تورکیاش لە پلەی دەیەمدایە. ھەروەھا بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار سەر مەڕوماڵاتیش، لەسەر ئاستی ناوچەکە لە پلەی دووەم و لەسەر ئاستی تورکیاش لە پلەی چوارەمدایە. ساڵی رابردوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ٤٥ ھەزار سەر رەشەوڵاخ و ١١٥ ھەزار سەر مەڕوماڵات بۆ پارێزگاکان رەوانە دەکەین. بە گشتی داھاتی ساڵانەی پارێزگاکەمان لە بواری ئاژەڵداریدا ٥٠٠ ملیۆن لیرەی تورکی بوو. ئەمساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ٤٠ ھەزار سەر رەشەوڵاخ و ١٠٠ ھەزار سەر مەڕوماڵاتمان رەوانەی پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا کردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان داھاتی پارێزگاکەمان بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن لیرە دەبێت. ئێستایش کڕینی ئاژەڵ بە گەرموگوڕی بەردەوامە".