Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، مستەفا عەبدولرەحمان لە بارەی كاریگەری داخستنی فڕۆكەخانەكان لەسەر هاوردە و ناردن، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" پێشتر و راستەوخۆ زێڕ و ئاڵتون لە رێگەی فڕۆكەخانەكانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەكانەوە ناتوانرێت ئاڵتون راستەوخۆ بهێنرێتە هەرێمی كوردستان، هەروەها زۆر پێداویستی دیکەی وەک موبیلیات و پەیوەندییەكان كە ئەوانیش راستەوخۆ لە رێی فڕۆكەخانەكانەوە دەهێنران ئێستا ناهێندرێن، كاڵاكانی تر كە لەرێگەی وشكانییەوە هاوردە دەكران بەردەوامییان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تێچویان زیاترە، كەمی كردووە".
مستەفا عەبدولرەحمان گوتیشی:" تا ساتی پێش داخستنی فڕۆكەخانەكان و بە هۆی كۆتایی هاتنی شەڕی داعشەوە ئاستی قەبارەی هاوردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە چاو ساڵانی رابردوو زۆر باشتر بوو، بەڵام دوای داخستنی فڕۆكەخانەكان ئاستەكەی دابەزیەوە".
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان باس لەوەش دەكات بەهۆی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا و داخستنی دەروازە سنوورییەكانی ئێران بە رووی هەرێمی كوردستاندا، كاڵای توركی جێگای كاڵاكانی تری گرتووەتەوە لە بازاڕەكاندا و لەو بارەیەوە گوتی:" لە ئێستادا كاڵای توركی بەشێوەیەكی زیاتر دێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە، بەهۆی ئەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەهیچ شێوەیەك دانەخرا ، بۆیە زۆربەی بازرگانەكانمان روویان لەو رێگایە كردووە و لەوێوە زۆرترین كاڵا و شمەك دێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە، زۆربەی كاڵاكانی ئێستاش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كاڵای توركین لە هەموو بوارەكان بەتایبەت بواری خواردەمەنی و جلوبەرگ و بیناسازی ، بەهۆی كوالێتی كاڵاكان و گونجاوی نرخەكەشییەوە خواستی زیاتریان لەسەرە و شوێنی كاڵای وڵاتانی دیکەی گرتووەتەوە".
لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی رۆژی 25ی ئەیلولی رابردووی هەرێمی كوردستان و تێكچونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، حكوومەتی عێراقی بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دا، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەرواز سنوورییەكانی خۆی بە رووی هەرێمی كوردستان داخست ، تائێستاش تەنها دەروازەیەك (باشماخ) لەو دەروازانەی نێوان هەردوولا كراوەتەوە. ئەوەش زیانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان داوە و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هێنانی كاڵا و شمەك لە وڵاتانی دەرەوە زۆر كەمی كردووە.
بەرپرسان و بازرگانانیش لە هەرێمی كوردستان ستایشی حكوومەتی توركیا دەكەن كە هەمان هەنگاوی بۆ داخستنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەرووی هەرێمی كوردستان نەگرتە بەر، كە زیانی گەورەتری بە هەرێم دەگەیاند.