سەنعا
ئەو خۆپیشاندانە کە بە سەدان کەس بەشداریان تێدا کرد لە گەڕەکی ستین لە نێزیک خانووی سەرکۆماری یەمەن (عەبدولا مەنسور ھادی) رێکخرا و داوایان لە حکومەت کرد رێگری لە ھێرشەکانی شاری سەعدا بکا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە گوتیان " کارەساتێکی زۆر گەورە لە سەعدا ئەنجام دەدرێت بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین بەزووترین کات ھێزی سوپا بنێرێت و رێگری لەو توندوتیژیانە بگرێ کە لەوێ لەلایەن گروپی حوسیەکانەوە ئەنجامدەدرێ و ھێرس دەکەنە سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی"
لە دوایین ھێرشی گروپی حوسیەکان لە شاری سەعدا، ٢٦ کەس کوژر ان و ١٢٠ی دیکەش برینداربوون.
لە لایەکی دیکە پارتی (رەشاد) کە لە سەلەفیەکانەوە نێزیکە ئاشکرایکرد ئەگەر حکومەت چارەسەرێک بۆ رەوشی ئاسایش لە (دەماج) نەدۆزێتەوە، ئەوا بایکۆتی دیالۆگی لەگەڵ حکومەت دەکەن.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگری یەمەن لەسەر سایتی وەزارەتی بەرگری بڵاویکردەوە کە ئاگربەستێک لەنێوان ھەردوو گروپی سەلەفیەکان و حوسیەکان راگەیەنراوە و لە کاتێکی نزیکدا زانیاری نوێ بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری لە شەڕی نێوان حوسیەکان و سەلەفیەکاندا چەکی زۆر قورس بەکارھاتووە و ١٠٠ کەس کوژراوە و ٢٥٠ی دیکەش برینداربوونە.